نادر روستی: که‌رتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم له‌ بوژانه‌وه‌دایه‌


ساڵانە رێژەیەکی زۆر گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن بۆ بینین و گەڕان لە شوێنە گەشتیاریەکان و شارەزابوون لەکلتوری ئەم ناوچەیە.
 
ئەوەی کە ئایا لە ئێستادا گەشتوگوزاری هەرێم لە چ ئاستێک دایە؟ 
نادر، روستی وتەبێژی فەرمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە و  وتی، ” سەرەتا بەخێرهاتنتان دەکەم و زۆر خۆشحاڵم بە هاتنتان وە دەستخۆشیتان لێدەکەین بۆ گرینگیدانتان بە کەرتی گەشتوگوزار. کەرتی گەشتیاری لە ئێستادا لە هەرێم لە قۆناغێکی پێشکەوتوو و باش دایە وە رۆژ لە دوای رۆژ مانگ لە دوای مانگ و ساڵ لەدوای ساڵ لە بوژانەوە دایە و لە باشبوون دایە، بە تایبەتی دوای تێکشکاندنی داعش و نەمانی قەیرانی دارایی لە ناوچەکەدا ئێستا هەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتیاری لە بوژانەوەیەکی خێرا دایە و ساڵانە ژمارەی گەشتیاران زیاد دەکات کە چەند ئاماژەیەکمان هەیە پێمان دەڵێت ئەم کەرتە لە بووژانەوەیە یەکێک لەوانە ژمارەی گەشتیاران ساڵانە زیاد دەکات و وەبەرهێنەران دێنەوە سەرهێڵ بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری. واتە شوێن و بنکە گەشتیاریەکان روو لە زیادبوون دەکەن بۆ نمونە ئۆتێل، رێستۆرانت و گوندی گەشتیاری ساڵانە ئەمانەش روو لە زیادبوون دەکەن”.

”لە لایەکی دیکەوە داهاتی گەشتیاری ساڵانە دەگۆرێت زیادبوونی بەخۆوە بینیوە هەموو ئەمانە ئاماژەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان روو لە بوژانەوەیە جگە لەمە حکوومەتیش ساڵ دوای ساڵ زیاتر گرینگی بە کەرتی گەشتیاری دەدات هەروەها چاوەڕێینە لەم کابینەیەی حکوومەت گرینگییەکی تایبەت بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت. جگەلەمەش لەڕووی هۆشیاری کۆمەڵگا  و تێگەیشتینی هاووڵاتییانی ئێمەش هەم وەکو هاووڵاتی هەم وەکو کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان رۆژ بەرۆژ باشتر دەبێت چاڵاکی گەشتیاری لە لایەن حکوومەت، کۆمەڵگای مەدەنی و کەرتی تایبەتیشەوە روو لە زیادبوون دەکەن بۆ نمونە لە ئێستادا رێکخراوە ناحکوومییەکان  چاڵاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن پەیوەندیمان پێوەدەکەن و ئێمەش پەیوەنییان پێوەدەکەین کارئاسانیان بۆ دەکەین هەموو ئەمانە لە پێناو ئەوە ئەنجام دەدەین کە کەرتی گەشتیاری پێشبخەین و ژمارەی گەشتیاران زیاد بکەین”.

هاوکات نابراو ئاماژەی بە رێژەی گەشتیارانی ئەمساڵدا بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو دا و وتی، ” ژمارەی گەشتیاران دوای شەری داعش لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ملیۆنێک ٦٠٠ هەزار گەشتیاربوو وە لەس اڵی ٢٠١٧ـدا ئەم رێژەیە بۆ دوو ملیۆن و١٠٠ هەزار گەشتیار بەرزبوویەوە هەروەها ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی ٢٠١٨ـەشدا گەیشتە ٣ ملیۆن ٥٧هەزار گەشتیار وە لە پلان و بەرنامەمان دایە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیارانمان لە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تێبپەڕێنین بۆ ئەمەش پلانمان دارشتووە خەریکی کۆمەڵێک چاڵاکیین هەم لە مانگەکانی پێشووی ئەمساڵ کۆمەڵێک چاڵاکیمان ئەنجامدا وە درێژەشیان پێدەدەین لە مانگەکانی داهاتووش وە دەمانەوێت لە رێگەی ئەم چاڵاکییانە رێژەی گەشتیاران زیاد بکەین”.

لە درێژەی قسەکانیدا نادر روستی، وتەبێژی فەرمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی هاتنی رێژەی گەشتیاراندا لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گەشتیارانی بیانی دا و وتی، ” لە ئێستا هاتنی گەشتیاران لە سەدا ٨٠ بۆ ٨٥ لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقە، رێژەکەیکەش لە دەرەوەی وڵات دێن بە پلەی یەکەم گەشتیارانی ئێران دواتر تورکیا پاشانیش وڵاتانی بیانی و ئەورووپی ئەمانە هەموویان بەیەوەکەوە رێژەی لە سەدا ٢٠ بۆ ٢٥ پێکدەهێنن بەلام لە ئێستادا ژمارەی ئەوانە زیاتر لە سەدا ١٥بۆ ٢٠  دەبێت. ئێمە لە بەرنامەمان دایە ژمارەی گەشتیاری بیانی زیاد بکەین لە سەدا ١٥بۆ ٢٠ـەوە بیگەیێنیە سەدا ٢٥ و زیاتر بە گوێرەی ئەو پلانەی کە لە ئێستادا لەبەردەستمانە کاری تێدا دەکەین”.

وتەبێژی فەرمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە بارەی هەبوونی پرۆژەی گەشتیاری لە ئێستادا وتی، ” وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو کابینەی نوێ پێکنەهێندرێت بڕیار نەدرێت لەسەر چاڵاکییەکانی ئێمە، ئێمە ناتوانیت هیچ پرۆژەیەک ئەنجامبدەین. دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بە پیی ئەو بوودجەیەی کە بۆمان تەرخان دەکرێت ئینجا ئێمە دەتوانین پرۆژەکانمان پێشکەش بکەین لە ئێستادا ناتوانین قسە لەسەر ئەو باسە بکەین. بەڵام وەکو کەرتی تایبەت ئێمە توانیومانە کۆمەڵێک پرۆژە و چاڵاکی گرینگ ئەنجام بدەین  بۆ نمونە لە کەرتی تایبەت ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکان پرۆژەی نوێ هەیە  هەروەها ساڵانی رابردووش ئێمە کۆمەڵێک چاڵاکیمان ئەنجامدا  بۆ نمونە لە ناوچە گەشتیارییەکانی بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ و کۆمەڵێک شوێنی دیکە نۆژەن کرانەوە  رەنگە لە ئێستادا هەموو شوێنەکانم لە یاد نەبێت بەڵام شوێن زۆرن کە کاری تێدا ئەنجام دراوە نۆژەنکراوەنەتەوە چاڵاکی تیادا ئەنجامدراوە وە بەدڵنیایەوە دەبێت لە ساڵانی داهاتوشدا ئەم جۆرە کارکردنە بەردەوام بێت”.

لە کۆتایی قسەکانیدا نادر روستی ئاماژەی بەو شوێنانە دا کە گەشتیاران رووی تێدەکەن و وتی، “وەکو شار بە تایبەتی روو لە هەولێر دواتر سلێمانی  پاشانیش دهۆک دەکەن وە گەرمیانیشمان هەیە کە گەشتیاران رووی تێدەکەن. وەکو ناوچەش ناوچە شاخاوییەکان و هاوینە هەوارەکان بە تایبەتی ناوچەی سۆران کە دەکاتە چۆمان و رواندز و ئەو شوێنانە هەروەها ناوچەی ئاکرێ و ئامێدی لە سنووری دهۆک لە سنوری سلێمانیش دۆکان، سەرچنار و ئەحمەداوە ئەم شوێنانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ خۆیان رادەکێشن “.