له شارى سلێمانى پلانى جه‌ژنى ره‌مه‌زان راگه‌یاندراو قائیمقامىیش ده‌ڵێت هه‌موو رێوشێنێكى پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان و گه‌شتیاران له بارودۆخێكى ئارام‌دا پێشوازى له رۆژانى جه‌ژن بكه‌ن.
ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند” بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان و گه‌شتیاران له بارودۆخێكى ئارام و بێ گرفتدا پێشوازى له جه‌ژنى پیرۆزى ره‌مه‌زان بكه‌ن هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى پێویست كراوه”.
ڕاشیگەیاند” له رۆژانى پێش جه‌ژن و رۆژانى جه‌ژن هیچ شه‌قامێك به‌ڕووى هاتووچۆى شۆفێراندا داناخرێت, به‌ڵكو تیمه‌كانى هاتووچۆ هاوكار ده‌بن بۆ رێكخستنى شه‌قام و رێگه‌و بانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان به‌بێ گرفت سه‌ردانى هه‌ر شوێنێك بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێت”.
دەشڵێت” لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان هاوشێوه‌ى مانگى ره‌مه‌زان به‌رده‌وام ده‌بن له گه‌ڕان و به‌دواداچونه‌كانیان به ئامانجى پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان و رێگرى كردن له هه‌ر جۆره سه‌رپێچیه‌ك”.
له‌باره‌ى كارئاسانى بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ى كه روو له پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌ن وتی” له بازگه‌كان و شوێنه گه‌شتیاره‌كانى سلێمانى تیمه‌كان راسپێردراون هه‌موو كارئاسانى و هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به گه‌شتیاران و ئه‌و میوانانه بكه‌ن كه رووده‌كه‌نه سلێمانى”.
ووتیشى” خاوه‌نى رێستۆرانت و چێشتخانه‌كانى سلێمانى ئاگادار كراونه‌ته‌وه پێویسته له رۆژانى جه‌ژنیشدا شوێنه‌كانیان كراوه‌بن به‌ڕووى هاوڵاتیان و گه‌شتیاراندا و هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌كرێته‌وه”.
بڕیاروایە لەڕۆژانی جەژندا تیمە خزمه‌تگوزارییه‌كان و هێزه ئه‌مینه‌كان له سه‌نته‌رى شارى سلێمانى و هه‌موو شوێنه گشتیه‌كان له ئه‌ركدا بن بۆ پارێزگارى كردن له هاوڵاتیان و ئه‌و گه‌شتیارانه‌ى كه روو له پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌ن.