پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان به‌رزترین پله‌كانی بێكارییان له‌ ئێران دا هه‌یە

بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران 12.2%ی دانیشتوانی ئێران بێکارن و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان به‌رزترین پله‌كانی بێكارییان له‌ ئێران دا هه‌یە.
ناوه‌ندی ئاماری ئێران، کە تاکە ناوه‌ندی فه‌رمییە بۆ راگه‌یاندنی ئاماری بێكاری لە ئێران، رایگەیاندووە رێژەی بێکاری لەو وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو 0.1% دابەزیوە و بووەتە 12.2%.
بەگوێرەی ئاماری ئەو ناوەندە  “17.3 له‌ سه‌دی خه‌ڵكی پارێزگای ئیلام له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بێكارن، كه‌ به‌رزترین پله‌ی بێکاری له‌ نێو سەرجەم پارێزگاكانی ئێران دایه‌‌ و به‌ بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتریشه‌وه‌ 2% به‌رزتر بووه‌ته‌وە”.
هەر بەگوێرەی ناوه‌ندی ئاماری ئێران رێژه‌ی بێكاری لە  پارێزگاكانی كرماشان 16.2%، سنە 14% و ورمێ (ئازه‌ربایجانی رۆژئاوایی) 11.1%ـه.
بەپێی ئامارەکان رێژەی بێکاری لە کرماشان زیادی کردووە و لە پارێزگای سنە وەک خۆی ماوەتەوە و بەپێچەوانەوە لە پارێزگای ورمێ کەمی کردووە.
هه‌ندێ له‌ كارناسان ره‌خنه‌ له‌ شێوازی ئامارگیری ئێران له‌ بواری بێكاری دا ده‌گرن‌ و رێژه‌ی بێكاری زۆر له‌وه‌ زیاتر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
 به‌پێی یاسای كاری ئێران، هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نی زیاتر له‌ 10 ساڵ بێت‌ و له‌ هه‌فته‌دا یه‌ك سه‌عات كار بكات، وه‌ك كه‌سێكی بێكار له‌قه‌ڵه‌م نادرێ. كارناسانی ئابووری ده‌ڵێن دانانی یه‌ك كاژێر ته‌نیا بۆ كه‌متر نیشاندانی رێژه‌ی بێكاری له‌ ئێرانه‌. و بێكاری یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی ئابووری ئێرانە.
 ساڵی 2005 بلاڤۆكی “لێكۆڵینه‌وه‌ ئابوورییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (میس)” رێژه‌ی بێكاری له‌ ئێرانی 40% راگه‌یاند، به‌ڵام ئێران رێژه‌ی بێكاری هه‌مان ساڵی 12% راگه‌یاندبوو.
ساڵانه‌ نزیكەی 800 هه‌زار كه‌س تێکەڵ بە بازاڕی كاری ئێران دەبن، به‌ڵام حكومه‌تی ئێران توانای دابینكردنی ده‌رفه‌تی كاری بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ نییە.
 چالاكڤانانی كرێكاری ده‌ڵێن له‌ ماوه‌ی 2 ساڵی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و كه‌سانه‌ی كاریان هه‌بووه‌، به‌ هۆی داخرانی كارگه‌كانه‌وه‌، كه‌ ئه‌نجامی گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌، كاره‌كانیان له‌ ده‌ست داوه‌‌ و هاتوونه‌ته‌ ریزی بێكارانه‌وە.
كارناسانی ئابووری ده‌ڵێن ئێران بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بێكاری بنبڕ بكات، ده‌بێت ساڵانه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن هەلی كار بڕه‌خسێنێ، به‌ڵام ئه‌م وڵاته‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ خۆشبینانه‌ترین ئاماره‌كان دا ته‌نیا 500 هه‌زار ده‌رفه‌تی كاری ره‌خساندووە.
 مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ سه‌ردانێكی دا بۆ ئیلام به‌ڵێنی دا، یه‌ك ملیۆن ‌و 200 هه‌زار ده‌رفه‌تی كاری بڕه‌خسێنێ.