فەرماندەیەکى باڵاى سوپاى پاسدارانى ئێران هۆشدارى دەدات لەوەى ئەگەر یەک فیشەک لەکەنداو بتەقێت نرخى بەرمیلێک نەوت دەگاتە سەروو 100دۆلار.
سەید یەحیا سەفەوى، یاریدەدەر و ڕاوێژکارى باڵاى سەربازى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوپاى پاسداران لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ ئاژانسى فارس نیوز ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە، لەگەڵ تەقینى یەکەم فیشەک لەکەنداو نرخى بەرمیلێک نەوت دەچێتە سەروو 100 دۆلار ئەوەش بەلاى ئەوروپا و دۆستانى ئەمریکا و ژاپۆم و کۆریا باشورەوە قبوڵنەکراوە.
وتیشى “ئێمە وەکو لایەنى سەربازى خراپترینى سیناریۆکان لێکدەدەینەوە نەک لەپێناو جەنگ بەڵکو لەپێناو ئەوەى ئامادەبین بۆ جەنگ، ئێستا ئێمە وەکو هێزێکى خاوەن توانا لەناوچەى باشورى ئاسیا بوونمان هەیە”.
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران ئاماژەى بەوەشداوە، ئەگەر ترەمپ ڕاوێژ بەو کەسانە بکات ئەزمونى جەنگى عێراق و ئەفغانستانیان هەیە، بەدڵنیاییەوە جەنگ لەگەڵ ئێران ناکات، چونکە ئەوان دەزانن ئێران ستراتیژى غافڵگیرانە و شۆکهێنەریان بەرامبەر بەکاردەهێنێت و توشى شۆکیان دەکات.
یەحیا سەفەوى پێیوایە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر وڵاتەکەی روودەدات جەنگى دەروونى و ئابورییە.