بانكی رافیدەین 50 ملیۆن دینار بە قەرز دەداتە هوتێلەكان

بە مەبەستی پێشخستن و جوڵاندنی سێكتەری ئابووری بانكی رافیدەین بڕیاری پێدانی 50 ملیۆن دینار قەرز بە خاوەن هوتێلەكان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی سێ مانگ بە خاوەن هوتێلەكان دراوە كە مامەڵەی وەرگرتنی قەرزەكە بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی حوزەیران، بانكی رافیدەین رای گەیاند، بانكەكە ئامادەیە 50 ملیۆن دینار بە قەرز بە هوتێلەكان بدات، بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی سێ مانگ دەستنیشان كراوە بۆ دەستپێ كردنی مامەڵەی وەرگرتنی قەرزەكە.

بانكی رافیدەین لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، ئامانج لە پێدانی ئەو قەرزە جولاندنی بازاڕ و ئابووری نیشتمانییە، دانەوەی قەرزەكەش بە پشك پشك دەبێت”.

بانكی رافیدەین روونی نەكردووەتەوە ئەو قەرزە هوتێلەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی پێشینە و قەرزەكانی پێشتری ئەو بانكە بۆ هاوڵاتیان و سێكتەرە جیاوازەكانی عێراقی ئەوا خزمەتگوزارییەكانی كوردستان ناگرێتەوە.

بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری عێراقی بۆ ساڵی 2018، لە عێراقدا جگە لە كوردستان ئەوا هەزار و 618 هوتێل و موتێل و ناوچەی گەشتیاری هەن، لەم ژمارەیەشدا زۆرترینیان لە كەربەلای شاری ئاینییە بە رێژەی 46.8% كە دەكاتە نزیكەی 800 هوتێل، دوای ئەویش بەغدای پایتەختی سیاسی دێت بە رێژەی 22.5%، دیسان نەجەفی ئاینی بە 22.1% پاشان بەسڕەی پایتەختی ئابووری عێراق دێت بە رێژەی 3.2%.