حکومه‌تى عێراق جه‌ژنانه‌ ده‌داته‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌ران


حکومه‌تى عێراق به‌بۆنه‌ى هاتنى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆزه‌وه‌ بڕیاریداوه‌ به‌ دابه‌شکردنى جه‌ژنانه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌راندا به‌ به‌پێى بڕوانامه‌کانیان و به‌شێک له‌و فه‌رمانگانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ حکومه‌تى فیدراڵین.

میدیا عێراقییه‌کان ئه‌وه‌یان ئاشکرا کردووه‌ که‌ به‌پێى رێنماییه‌کى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بڕیاره‌ حکومه‌ت به‌پێى بڕوانامه‌ى فه‌رمانبه‌ران جه‌ژنانه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌شبکات.

رێنماییه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى عێراق له‌ وه‌زاره‌ته‌کان ده‌گرێته‌وه‌ و بڕیاره‌  سبه‌ینێ رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ دووى حوزه‌یران ده‌ست به‌ دابه‌شکردنى بکرێت.

هاوکات ئه‌وه‌ش روونکراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و جه‌ژنانه‌یه‌ بۆ هه‌ڵگرانى بڕوانامه‌ى به‌کالۆریۆس  و سه‌رو بڕى 100 هه‌زار دینارو فه‌رمانبه‌رانى هه‌میشه‌یى خوار ئه‌و بڕوانامه‌ى به‌کالۆریۆس 75 هه‌زار دیناره‌، بۆ فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست و رۆژانه‌ش 50 هه‌زار دیناره‌ دیارى کراوه‌.

به‌پێى دابه‌شکارییه‌ ئیدارییه‌کان دابه‌شکردنى ئه‌و جه‌ژنانه‌یه‌ ئه‌و فه‌رمانگانه‌ى هه‌رێمى کوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ حکومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه‌ هه‌یه‌، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌ 2ى حوزه‌یرانى کردۆته‌ پشووى فه‌رمى تا 10ى حوزه‌یران و مووچه‌ى مانگى ئازاریشى هێشتا به‌سه‌ر سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شنه‌کردووه‌.