بەرپرسێكی وەزارەتی پلاندانان ئاشكرای دەكات سەرجەم پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەست پێ دەكەنەوە و لە ماوەی تەنگژەی داراییش چەندان پڕۆژە جێبەجێ كراون.
ئەمڕۆ شەممه یەكی حوزەیران، زاگرۆس فەتاح بەڕێوەبەری گشتیی پلانی پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان بە ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، بە ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابووری چاوەڕوان دەكرێت نزیكەی لە سەدا پێنج گەشە بكات.
بەڕێوەبەری گشتی پلان وتی، ئەو بڕە پارانەی كە بۆ پڕۆژەكان تەرخان دەكرێن، دەرفەتی كاركردن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكەن، هەروەها خواست لەسەر كاڵاكانی بیناسازی و خزمەتگوزاری و توانای مرۆیی، لە ئەنجامی كەوتنی جووڵە لە بازاڕ زیاد دەبێت.
زاگرۆس فەتاح لەبارەی پڕۆژە جێبەجێكراوەكان ڕوونی كردووەتەوە، هەندێ بەڵێندەر سەرەڕای تەنگژەی دارایی زیاتر لە 300 پڕۆژەیان تەواو كردووە كە 50 پڕۆژە بەشێوەی قەرز جێبەجێ كراون، گرنگترینیان پڕۆژەی 120 مەتری هەولێر بوو.
“بەرلە تەنگژەی دارایی، زیاتر لە سێ هەزار و 500 پڕۆژە بە بەهای چوار ملیار دۆلار لە جێبەجێكردندا بوون، ئێستە وەزارەتی پلاندانان ئامادەكاری كردووە بۆ تەواوكردنی ئەم پڕۆژانە لە زووترین كاتدا”. ئەوا ئەو بەرپرسەی پلان وای گوت.
باسی لەوەش كردووە، لە هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 300 بەڵێندەر هەیە كە 500 یان بەڵێندەری دەرەوەی هەرێمی كوردستانن و لە سێكتەرەكانی بیناسازی، رێگەوبان، ئاو وئاوەرۆ، دروستكردنی بەنداو، كارەبا، دروستكردنی سایلۆ كار دەكەن.