سەرۆك كۆمار: پێویستمان بە سەقامگیری و سیستەمێكی ئاسایشی هاوبەشە


سەرۆك بەرهەم، له‌ کۆنگره‌ی نائاسایی باڵای وڵاتانی عه‌ره‌بی رایگەیاند، “سەرەرای پێشكەوتن و دەستكەوتەكان و ئومێدەكان لە عێراق، بەڵام ئێستاش ئاستەنگی مەترسیدار لە بەردەمماندا ماوە”.

سەرك كۆماری عێراق لە وتارەكەیدا راشیگەیاند،”لە مەككەی پیرۆز كۆدەبینەوە، لەم شوێنە پیرۆز و پاكە، لەم مانگە موبارەكەدا، نزاكانمان لە شەوانی كۆتایی مانگی پیرۆزی رەمەزان و لە ئامێزی ماڵی پەروەردگار دەنێرین و دەپاڕێینەوە كە پەروەردگار ئاشتی و ئارامی و خێر و خۆشی بەسەر گەلەكانمان ببارنێت و ببینە نمونەیەكی دیاری پەیڕەوكاری رەوشت و ئاكاری پێغەمبەرمان محەمەد مستەفا سڵاو سەلامی خوای لەسەر بێت لە پێناو چەسپاندنی بەهاكانی ئاشتی و خۆشەویستی و پێكەوەیی”.  

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا سەرۆك بەرهەم وتی،”بەداخەوە دۆخی ناوچەكەمان ئەمرۆ باشتر نییە لە دوێنێ‌، لەكاتێكدا بەشێك لە وڵاتەكانمان لە جیهانی عەرەبی بە دۆخێكی گۆڕانكاری قورسدا تێِپەڕ دەبن، دڵمان لای كه‌سوكارمانه‌ له‌ سودان و جه‌زائر، ئه‌وان له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ئاسته‌نگه‌كانیانن كه‌ رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه،‌ دۆخەكه‌ لە وڵاتی لیبیا دڵخۆشكەر نین، لەلایەكی ترەوە سوریا لەگەڵمان نییە لە مرۆدا و بە دۆخێكی قورسدا تێپەڕ دەبێت، هاوكات دۆخی یەمەن و ئەقسای پیرۆز هاوار دەكات بەڵام هیچ كەس بەدەمییەوە ناچێ، بەدڵنیایەوە نابێـت عێراق وڵاتەكەممان لە بیر بچێت، سەرەرای پێشكەوتن و دەستكەوتەكان و ئومێدەكان، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە كە ئێستاش ئاستەنگی مەترسیدار لە بەردەمماندا ماوە”.

سەرۆك كۆماری عێراق راشیگەیاند،”چاوەڕوان دەكرێت جەنگێكی گشتگیر بێتە ئاراوە، ئەگەر دۆخەكە بەرەو باشتر نەبەین ئەوا روبەڕوی مەترسییەكی زۆری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەبینەوە كە وڵاتەكانمان پەلكێشی ئەو دۆخە نەخوازراوە دەكات”.

سەبارەت بە سعودیە، سەرۆكی عێراق وتی،”ئاسایشی شانشینی یەكگرتوی سعودییەی برا بریتیە لە ئاسایشی عێراق، ئاسایشی ئیمارات و ئاسایشی وڵاتانی كەنداویش ئاسایشی ئێمەیە، ئێمە لە عێراق بە جددی پابەندین به‌ ئاسایشی شانشینی سعودییە و دەوڵەتانی كەنداو، هەر بە ئامانجگرتنێكی ئاسایشیان  هەرەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئێمە و سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەگشتی، ئیدانەی هەر جۆرە دوژمنكارییەك دەكەین كە بكرێت سەر براكانمان چونكە تێكچونی ئاسایشی ناوچەكە بریتیە لە تێكچونی ئاسایشی عێراق و سەقامگیرێكەشی”.

دەربارەی ئێران، سەرۆك بەرهەم ئاماژەی بەوەكرد،”كۆماری ئیسلامی ئێران دەوڵەتێكی ئیسلامی دراوسێی عێراق و وڵاتانی عەرەبیە، هیودارین كە ئاسایشی وڵاتەكەی بەدوور بێت لە هەر جۆرە بە ئامانجگرتنێك و سنوری 1400 كم بەیەكمانەوە دەبەستێت و پەیوەندییەكی قوڵ و پڕ مەودا بە یەكمانەوە گرێدەدات، بەدڵنیایشیەوە ئاسایش و سەقامگیری دەوڵەتی ئیسلامی هاوسێ كە لە بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییە”.

ئەوەشی خستەرو كە ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری و سیستەمێكی ئاسایشی هاوبەشە كە رێز لە سەروەری و دەستوەرنەدان بگرێت لە كاروباری ناوخۆی یەكتری و توندوتیژی و توندرەوی ئیدانە بكات.