ئەمڕۆ پێنجشەممه 30ی ئایار، بەهای نرخی لیرەی توركی لە بازاڕی بۆرسە بە رێژەی 1.5% بەرانبەر دۆلار بەرز بووەوە، ئەمەیش دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كە تێیدا باسی كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی S- 400ی رووسی و چەند پرسێكی تر كرا.
ئەمڕۆ بەهای لیرەی توركی گەیشتە 593 لیرە بەرنبەر بە 100 دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەش لە كاتێكدایە شەوی رابردوو 602 بەرانبەر بە 100 دۆلار بوو، ئەمەش كەمترین نرخە لە 25ی ئەم مانگە تا ئێستە.
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لیرەی توركی بە رێژەی 14% بەهایەكەی لە دەستداوە كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ناكۆكی نێوان واشنتن و ئەنكەرە پرسی كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی S- 400ی رووسییە لەلایەن توركیا، لەسەر ئەمەیش ئەمەریكا هەڕەشەی ئەوەی لە توركیا كردووە كە كڕینی ئەو سیستەمە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەنكەرە، هاوكات یەكێتیی ئەوروپاش هەمان بۆچوونی هەیە و لە ناتۆش بە ئاشكرا بە توركیا گوتراوە كە S- 400ی رووسی بەشێك نییە لە سیستەمی بەرگری ناتۆ.
بۆیە ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن نزیكبوونەوەی توركیا لە وەرگرتنی سیستەمی دژە مووشەكی S- 400ی رووسی ئەو وڵاتە بخاتە كەناری سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا، پێچەوانەكەشی توركیا بكاتە خاوەنی 100 فڕۆكەی جەنگی F -35ی ئەمەریكی و هەڵگرتنی باج بەسەر كاڵای توركی و گەشانەوەی ئابووری ئەو وڵاتە.