محەمەد ئەمین هەورامی, وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای سلێمانی بەراورد بەپارێزگاكانی تر زۆرباشترە، ئەمەش وایكردوە كارەبا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر دابین بكرێت.
ڕاشگەیاند: لەئێستادا دۆخی كارەبا بەراورد بەساڵانی رابردوو تارادەیەك باشترە بەتایبەت دوای خستنەوەگەڕی چەند وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لەچەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان.
وتیشی، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای سلێمانی بەراورد بەپارێزگاكانی تر زۆرباشترە، ئەمەش وایكردوە كارەبا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر دابین بكرێتو لەهەولێریشەوە كارەبا دەگەیەنرێتە پارێزگای دهۆك.
لەبارەی بەرنامەی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە ڕۆژانی جەژندا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم تەئكیدیكردەوە، لە رۆژانی جەژندا فەرمانگە حكومیەكانو ناوچە پیشەسازییەكانو چەند شوێنێكی تر كارەبا بەكارناهێنن، بەوهۆیەشەوە ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكرێتو لەئێستاشدا لە سلێمانی رۆژانە نزیكەی 23 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان.