پرۆژەی جووت سایدی كەلار دەربەندیخان دەستیپێكردەوە ‌


ئەمرۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2019 سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری وەفدێكی حكومی سەردانی پردی دەرەدۆینی كرد كە كارەكانی دەستپێكردنەوەی پرۆژەی جووتسایدی كەلار دەربەندیخان لەو پردەوە دەستیانپێكردووە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گرنگی پرۆژەی جوتسایدی كەلار دەربەندیخانی باسكردو ستایشی پەرۆشی و هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیكرد  بۆ خستنەوەگەڕی ئەو پرۆژەیە ، ڕۆڵی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو وەزیری  پلاندانانی حكومەتی هەریمیشی بەرزنرخاند و  سوپاسی كۆمپانیاو لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكەشیكرد  بۆ دوبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانیان.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتیشی بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیە ناوچەكە گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و ڕۆڵی  گرنگ و باش دەبینێت كاروبارەكانی گواستنەوەی لەهەمووڕویەكەوە ئاسانتر دەكات.

سەبارەت بەو چاكسازییەی كە لەئێستادا لەڕێگاكەدا دەكریت سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند: ئەو چاككردنەوەیە  بەهەماهەنگی نێوان هەردو بەرێوەبەرایەتی ریگاوبانی سلێمانی و گەرمیان ئەنجام دەدریت و لەهەرشوێنێك پێویست بكات بەردەوام دەبێت و پەیوەندی بەم پرۆژەیەوە نی یە.

پرۆژەی جووتسایدی كەلار دەربەندیخان لەقۆناغی دووەمیدا 6%ی كارەكانی تەواو بووەو گوژمەی 137،262،000 سەدو سی و حەوت ملیارو دوسەدو شەست و دو ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

پرۆژەكە لەشەقامێكی جووت ساید پێكدێت كە پانی هەر شەقامێك 8مەترو نیوە و  زیاتر لە 33 پردی جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت و 5 ئەندەر پاس و ئۆڤەر پاسی تێدایەو پردی دەرەدۆینش بەشێوازێكی مۆدێرن و بەپانی 28 مەتر كەلەدووساید پێكهاتووە و بەدرێژی 257 مەتر دروست دەكرێت.