گازپرۆم په‌ره‌ به‌ كێڵگه‌ی به‌دره‌ ده‌دات

كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی ده‌یه‌وێت له‌ 2017 رێژه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ یه‌كێك له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بگه‌یه‌نێته‌ 170 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.
به‌ پێی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی عه‌ره‌بییه‌ كۆمپانیای گازپرۆم به‌نیازه‌ بۆ سێ ساڵی داهاتوو به‌ به‌های یه‌ك ملیار دینار وه‌ربه‌رهێنان بكات بۆ په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌ی به‌دره‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ماده‌ی 140 یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق داوای له‌ كۆمپانیای  گازپرۆمی رووسیا كردبوو گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شینێته‌وه‌، یاخود له‌ كێڵگه‌ی به‌دره‌ پاشه‌كشێ بكات، دواجار كۆمپانیای ناوبراو به‌رده‌وام بوو له‌ كاره‌كانی خۆی بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و كێڵگه‌یه‌ و توانیشی گه‌وره‌ترین گرێبه‌ست له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆر بكات بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت.
له‌و گرێبه‌سته‌دا كه‌ كۆمپانیای  گازپرۆم له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشكی 80%ی به‌رده‌كه‌وێت بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ نیازیشه‌ 23 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت تا ساڵی 2020 له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رهه‌م بهێنێت.