كۆمپانیاى هواوى : هیوادارین دادگاكانى ئه‌مه‌ریكا راى بگه‌یه‌نن بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى به‌رهه‌مه‌كانمان نایاساییه‌

ئه‌مڕۆ به‌رپرسى یاسایى كۆمپانیاى هواوى چینى راى گه‌یاند، له‌ ئه‌مه‌ریكا سكاڵا له‌دژى بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى به‌رهه‌مه‌كانى تۆمار ده‌كات.

سۆنگ لیۆپینگ به‌رپرسى یاسایى له‌ كۆمپانیاى هواوى چینى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ى ئایار له‌ راگه‌یانراوێكدا ئاشكراى كردووه‌، كۆمپانیاكه‌ى له‌ دادگاكانى ئه‌مه‌ریكا سكاڵا له‌ دژى ئه‌و بڕیاره‌ تۆمار ده‌كات كه‌ فرۆشتنى به‌رهه‌مه‌كانى هواوى له‌ ئه‌مه‌ریكا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات”.

ئاژانسى فرانس پرێس ئاماژه‌ى بۆ ناوه‌ڕۆكى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى كۆمپانیاى هواوى ده‌كات، كه‌ تێیدا هاتووه‌ “هیوادارین دادگاكانى ئه‌مه‌ریكا راى بگه‌یه‌نن بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى هواوى نایاساییه‌”.

له‌ مانگى ئادارى رابردوو هه‌مان كۆمپانیا سكاڵایه‌كى ترى تۆمار كرد به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كى نییه‌ له‌ تۆمه‌تباركردنى كۆمپانیاكه‌.

پێشتر حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا بڕیارى داوه‌ به‌رهه‌مه‌كانى كۆمپانیاى هواوى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا قه‌ده‌غه‌ بكات، به‌ تۆمه‌تى سیخوڕیكردن به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه‌.

 ئه‌م بڕیاره‌یش له‌ چوارچێوه‌ى جه‌نگى بازرگانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین دێت كه‌ له‌ گه‌ڵ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپ  ده‌ستى پێ كردووه‌ و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه‌.