رۆژنامه‌یه‌كى ئیسرائیلى ئاشكراى ده‌كات، حكوومه‌تى ئیسرائیل ناوى عێراقى له‌و لیسته سڕیوه‌ته‌وه كه به‌گوێره‌ى یاساى ئیسرائیل نابێت مامه‌ڵه‌ى بازرگانییان له‌گه‌ڵ بكرێت.
رۆژنامه‌ى مه‌عاریفى ئیسرائیلى له هه‌واڵێكدا ئاشكراى كردووه، حكوومه‌تى ئیسرائیل ره‌زامه‌ندى داوه تا ناوى عێراق له‌و لیسته بسڕێته‌وه كه ئیسرائیل مامه‌ڵه‌ى بازرگانییان له‌گه‌ڵ ناكات.
چه‌ند میدیایه‌كى عه‌ره‌بى ئه‌مڕۆ سێشه‌م 28ى ئایار ده‌قى هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا هاتووه مووشى كه‌حلوون وه‌زیرى دارایى له حكوومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى ئیسرائیل واژووى له‌سه‌ر بڕیاره‌كه كردووه، بۆیه له‌مه‌ودوا ئیسرائیل ده‌توانێ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ عێراق بكات.
له هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه، به‌گوێره‌ى یاسایه‌ك كه له ساڵى 1939 ده‌رچووه، بازرگانانى ئیسرائیل ناتوانن مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وڵات بكه‌ن. ئه‌وانیش بریتین له سووریا و لبنان و یه‌مه‌ن و ئێران و عێراق. به‌ڵام له‌دواى ده‌رچوونى بڕیاره‌كه‌وه عێراق له لیستى ئه‌م وڵاتانه‌وه دێته ده‌ره‌وه.
دواى رووخانى رژێمى به‌عس له عێراق، هه‌ندێك له به‌رپرسانى عێراق بانگه‌شه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندى عێراق و ئیسرائیل ده‌كه‌ن و پێشتریش رۆژنامه ئیسرائیلییه‌كان ئاشكرایان كردبوو، ده‌یان به‌رپرسى عێراقى سه‌ردانى ئیسرائیلیان كردووه.