بەرێوەبەری كۆمپانیای نەوتی بەسرە ئاشكرایكردووە، جێگرەوەیان بۆ هەناردەكردنی نەوتی عیراق داناوە، ئەگەر بێتو جەنگ لەنێوان ئەمریكاو ئێران رووبدات.
ئیحسان عەبدولجەبار, بەرێوەبەری كۆمپانیای نەوتی بەسرە رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژئاوای قورنەی یەك بۆ 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرز بۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەهات كە كارمەندانی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل لەو كێلگەیە كشانەوەو بە هاوكاری كارمەندانی ناوخۆیی چەند یەكەیەكی نوێی بەرهەمهێنان بۆ ئەو كێڵگەیە زیادكرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، فەرماندەیی پۆلیسی نەوتی پارێزگای بەسرە، جێگرەوەی بۆ هەناردەكردنی نەوت دۆزیوەتەوە، ئەگەر بێتو جەنگ لەنێوان ئەمریكاو ئێران روبدات، جێگرەوەكەش بە هەمانگی وەزارەتی نەوتی عیراق بووەو دەتوانرێت بۆ چەند مانگێك كاری لەسەر بكرێت، چونكە هەناردەكردنی نەوت تاكە سەرچاوەی ئابووری عیراقە.
ئیحسان عەبدولجەبار ئەوەشی خستۆتەڕوو، عیراق توانای تەواوی هەیە بۆ ئەوەی بڕێكی زۆر نەوت هەناردە بكات، بەڵام بەهۆی رێككەوتنی ئۆپیكەوە ئاستی هەناردەكردنی كەمكردۆتەوە.