وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، مانگی داهاتوو هاوشێوەی ئەم مانگە لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکان ٢٤ کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان و مژدەش دەدات کە هاوینی ئەمساڵ کارەبا زۆر باشتر دەبێت بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم راگەیاند، “لەم مانگەدا توانیومانە بە تێکڕایی زیاتر لە ٢٣ کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان بدەین، تەنها لە پارێزگای دهۆک بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکییەوە نەتونراوە ٢٣ کاتژمێر کارەبا دابەش بکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەرچی لەکۆتایی ئەم مانگە وەزارەتی کارەبا کۆدەبێتەوە و لەسەر بنەمای بڕی کارەبای بەرهەم هاتوو لەگەڵ خواستی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی کارەبا، دواتر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دیاریدەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە هاوبەشی لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی داهاتوو ٢٤ کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان.
وتیشی، وەک چۆن پێشتر مژدەمان بە هاوڵاتیان دابوو کە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ کارەبا باشتر دەبێت بە بەراورد بەساڵی رابردوو، بەهەمانشێوە لێرەوە مژدە دەدەم بە هاوڵاتیان هاوینی ئەمساڵ بە تەواوەتی کارەبا باشتر دەبێت لە ساڵی رابردوو.