مریشك به‌ تامى كوردى له‌لایه‌ن كۆلێژى كشتوكاڵه‌وه‌ خرایه‌ بازاڕه‌وه‌

كوێستان، به‌ ده‌به‌یه‌كه‌وه‌ خه‌ریك بوو دان و ئاوی ده‌خسته‌ به‌رده‌م مریشكه‌كان، دانی به‌ هه‌ندێكیاندا، به‌شێكی تری مریشه‌كه‌كان مابوو خواردنیان پێ بدات، وتی “مریشكه‌كانمان به‌ به‌بێ مادده‌ى كیمیایی گه‌وره‌ كردووه‌”.

ئه‌و خوێندكاری كۆلێژی كشتوكاڵه‌ له‌ زانكۆی گه‌رمیان به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك به‌شی كۆلێژه‌كه‌یان توانیویانه‌ په‌له‌وه‌ر به‌بێ هۆڕمۆن و پڕۆتین به‌رهه‌م بهێنین.

كۆلێژی كشتوكاڵی كفری سه‌ر به‌ زانكۆی گه‌رمیانه‌، له‌ مانگی رابردوو له‌لایه‌ن مامۆستا و خوێندكاره‌كانه‌وه‌ توانیویانه‌ 180 مریشك به‌بێ هۆڕمۆن و پڕۆتین به‌رهه‌م بهێنن.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ به‌شێك له‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی هه‌رێم، مریشك به‌خێوكردن به‌ خۆراكی پڕۆتین و هۆڕمۆنه‌، ئه‌و خۆراكه‌ واده‌كات مریشك به‌ زوویی به‌رهه‌م بێت، به‌ڵام كۆلێژه‌كه‌ به‌بێ هۆڕمۆن و پڕۆتین، وه‌كو ئه‌و مریشكانه‌ی له‌ لادێكاندا به‌خێو ده‌كرێت توانیویانه‌ ئه‌و مریشكانه‌ گه‌وره‌ بكه‌ن.

“كوێستان محه‌مه‌د” ته‌مه‌ن 24 ساڵ خوێندكاری كۆلێژی كشتوكاڵه‌ له‌ كفری له‌باره‌ی به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ره‌وه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌ى “ئاژانس”ى راگه‌یاندووه‌ “مریشكه‌كان به‌ شێوازێكی سروشتی گه‌وره‌كراون به‌بێ به‌كارهێنانی مادده‌ى كیمایی”.

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو “له‌لایه‌ن سه‌رۆك به‌شه‌وه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی خوێندكاره‌كان، پڕۆژه‌ی به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر ئه‌نجام درا”.

به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان، له‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان 800 پڕۆژه‌ی دروستكردنی په‌له‌وه‌ر هه‌یه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 1250 هۆڵ، جگه‌ له‌ (50 – 60) هۆڵ كه‌ له‌ دروستكردندایه‌، 130 هۆڵی دیكه‌ له‌ پلاندایه‌ بۆ دروستكردن كه‌ رێپێدانیان ده‌وێت.

“نازم عه‌بدوڵا” جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان رایگه‌یاند “شێوازی به‌خێوكردنی مریشكه‌كان له‌لایه‌ن قایمقام و ڤێته‌رنه‌ری چاودێری ده‌كرێت، خواردنه‌كه‌شیان پریمێكس (گه‌نمه‌شامی)يه‌ كه‌ كارگه‌ دروستی ده‌كات و له‌ ژێر چاودێری ته‌ندروستی پێیانده‌درێت”.

كۆلێژه‌كه‌ ساڵی (2013 – 2014) دامه‌زراوه‌ و به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر ساڵانه‌ له‌ كۆلێژی كشتوكاڵی كفری به‌شێكه‌ له‌وانه‌ پراكتیكییه‌كان و بۆ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانی خوێندكاران ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ ساڵانی رابردوودا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ كۆلێژه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ پڕۆژه‌كانی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام دوای ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و بۆ ساڵانی داهاتوو بڕیاره‌ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌تر ئه‌نجام بده‌ن.

“سامان كه‌ریم” به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی كۆلێژی كشتوكاڵ له‌ كفری رایگه‌یاند “بۆ ساڵی داهاتوو ماسی و قه‌ل به‌رهه‌م ده‌هێنین، ساڵانی پێشووتریش پلانمان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی داراییه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌نجامی بده‌ین”.

كۆلێژی كشتوكاڵی كفری 180 مریشكه‌كه‌ی له‌ بازاڕدا فرۆشتووه‌ته‌وه‌ و بۆ یه‌ك كیلۆ نرخی 2500 بۆ 3000 دیناریان دیاری كردووه‌.

“عوسمان مسته‌فا” به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێته‌رنه‌ری له‌ گه‌رمیان رایگه‌یاند “له‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان به‌كارهێنانی هۆڕمۆن و پڕۆتین به‌ مریشكه‌كان له‌ رووی یاسا و ته‌ندروستییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ركه‌س به‌كاریبهێنێت له‌ كێڵگه‌كه‌یدا، سزا ده‌درێت”.