دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ هاتنی ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان چاوەڕوان دەكرێ زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن.
ئەمڕۆ شەممه 25ی ئایار، نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار هەرێمی كوردستان راگەیاند، وەك هەموو ساڵێك لەگەڵ كۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان دەستەی گەشتوگوزار كۆبوونەوە و پلانی رۆژانی جەژن دادەنێت بۆ ئەوەی گەشتیار بە باشترین شێوە پێشوازی لێ بكرێت.
روونیشی كردەوە كە ئێستە هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان ڕوو لە زیادبوونە، چاوەڕوان دەكرێت ژمارەی گەشتیارانی ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بێت.
هەروەك دووپاتی كردەوە كە بۆ جەژنی ڕەمەزان كە هەفتەیەكی ماوە زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان بكەن. بۆیە داوای كرد لە ڕۆژانی جەژن شوێنە گەشتیاری و چێشتخانە و میوانخانەكان كراوەبن.
بە وتەی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان پلانیان هەیە بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار بێننە كوردستان و هەوڵی زیاتر بۆ بوژاندنەوەی ئەو كەرتە بدەن.