نرخی نەوت جارێکی دیکە بەرزبوەوە

پاش یەک هەفتە لە دابەزینی بەردەوام، دوێنێ هەینی جارێکی دیکە بەهۆی پشوی درێژی کۆتایی هەفتە لە هەریەک لە ئەمریکا و بریتانیا و کەمبونەوەی بەرهەمی عەمبارەکانی نەوتی ئەمریکا جارێکی دیکە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی زیاتر لەسەدا 1 بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 93 سەنت بەرزبوەوە، کە رێژەی لەسەدا 1.4 ی نرخەکەی پێشویەتی و بەوەش نرخەکەی بەرزبوەوە بۆ    68.69 دۆلار، بەڵام بەشێوەیەکی رێژەیی لەهەفتەکەدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لەسەدا4.5 ی نرخی هەفتەی رابردوی دابەزیوە.

هاوکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکی 72 سەنت بەرزبوەوە، کە دەکاتە لەسەدا 1.2 نرخی پێشوی، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە  58.63 دۆلاردا جێگیربو.

بەشێوەیەکی رێژەی نرخی نەوتی تەکساس لەماوەی هەفتەی رابردودا بەڕێژەی لەسەدا 6.4 کەمبونەوەی بەخۆوە بینیوە، کە زۆرترین رێژەی کەمبونەوەیەتی لەمانگی دیسەمبەری رابردوەوە.

هەفتەی رابردو بەهۆی پابەندبونی سعودیە بە راگرتنی باڵانسی نرخی نەوت و بەرزبونەوەی داتای عەمبارەکانی نەوتی ئەمریکا نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بەردەوام لەکەمبونەوەدا بو کە کەمترین نرخی خۆی لەمانگی دیسەمبەری رابردوەوە تۆمارکرد.