قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی حوكمڕانیی ئەلیكترۆنی لە ئیستۆنیا وتارێكی پێشكەش كردو تێیدا تیشكی خستەسەر لەمپەڕەكانی بەردەم بەئەلەكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییە حكومییەكان لە كوردستان و چۆنییەتی چارەسەركردنیان.
دووپاتیكردەوە كە بەئەلەكترۆنیكردنی حوكمڕانی یارمەتیدەر دەبێت لە زیادكردن و شەفافكردنی داهات و رێكخستنەوەی بازرگانی و تەنانەت كەمكردنەوەی تاوانەكان و بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە.
سەبارەت بە ئەزمونی حكومەتی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی دژوارو پڕ لەقەیرانی ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەنگاوەكانی حكومڕانی ئەلەكترۆنی دەستپێكرد، جگە لەوەش لە كوردستان حەزێكی زۆر بۆ پەیڕەوكردنی بیرۆكراسییەت هەیە، لە بەرامبەر ئەم هەموو لەمپەڕەشدا رێژەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و توانای گەنجان بەردەوام لە پەرەسەندندایە، هەربۆیە دەكرێت لەبەر رۆشنایی ئەزمونی وڵاتانی پێشكەوتوو تواناكان رێكبخرێن و بەمشێوەیە هەنگاو بەهەنگاو بەسەر لەمپەڕەكانی بەردەم حكومڕانی ئەلەكترۆنیدا زاڵ بین.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد جگە لە یاسا كۆنەكان كە پێویستیان بەهەمواركردنەوەیە، پشتبەستنی زۆر بەسامانی نەوت جۆرێك لە سستی و تەمەڵی دروستكردووە لە كوردستان، ئەوە لە كاتێكدایە كۆمەڵگەی كوردستان نزیكەی 70% گەنجەو زۆربەی هەرە زۆریان تەكنەلۆژیاو سۆشیاڵ میدیا بەكاردەهێنن، بۆیە دەكرێت هەنگاو بەرەو ئەوە بنێین كەمتر پشت بەنەوت ببەستین و ئەزموونی وڵاتێكی وەك ئیستۆنیاش لەمبارەیەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە پێویستیی جیاكردنەوەی سیاسەتی حزبی لە كاری حوكمڕانی كردەوە و وتی: دەبێت وەزیرەكان سیاسەتی حكومەت جێبەجێ بكەن نەك بەپێی بەرژەوەندیی حزبەكانیان هەنگاوبنێن، چونكە خەڵك بەتایبەت لەم قۆناغەی پاش شەڕی داعش داوای باشترین خزمەتگوزاری دەكەن لە حكومەت و ئەمەش مافی ئاسایی خۆیانەو دەبێت پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەت بێت”.
لەبەردەوامی وتەكەیدا باسی لەوەشكرد كە راستە كوردستان هەرێمێكە لە عیراقی فیدراڵ، بەڵام دەكرێت سەروەرییەكی ئەلیكترۆنی هەبێت و لەو رێگەیەوە ببەسترێتەوە بەسیستمە جیهانییەكان، هەروەها بەگرنگییەوە باسی لە پرۆژەی بایۆمەتری كرد كە داتای زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەر لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش دەست بەكۆمەڵێك پرۆژەی دیكە كراوە بۆ گۆڕانكاریی لە فەرمانگەكانی حكوومەت لەڕووی رێكخستنەوەیان بەشێوەی ئۆنلاین و ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لەپێداویستییەكانی ئەنجامدانی كاروبارەكانیان بەڕێگەی ئەلیكترۆنی بۆ گێڕانەوەی كات و بەفیرۆنەدانی تواناكان.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا قوباد تاڵەبانی تیشكی خستەسەر كێشە فیدراڵییەكانی بەردەم بە ئەلیكترۆنیكردنی حكوومەت لەچەشنی كارتی نیشتمانی و بانكەكان و گەشبینیی خۆیشی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لەڕێگەی تیمی شارەزاوە نیشاندا.
ستایشی چیرۆكە سەرنجڕاكێشەكانی ناو كۆنفرانسەكەی كرد بەتایبەت ئەزموونی ئیستۆنیاو جەختی لەوەكردەوە كە پێكەوە كاركردن بەرهەمی باشی دەبێت و خواستی حكومەتی هەرێمیشی خستەڕوو بۆ هاوكاری و چارەسەركردنی كێشەكان لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەزموونانە و وتی: حەزدەكەین پێكەوە گەشە بكەین و پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكەین، لێرە فێربووین قەبارەی وڵات گرنگ نییە، بەڵكو كارنامە و بەرهەم گرنگە.
پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی حكومڕانی ئەلەكترۆنی ئیستۆنیا لەژێر دروشمی “ئامانجی هاوبەش و نەخشەڕێگەی جیاواز” دا بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی لەسەر بانگهێشتی رەسمی حكومەتی ئیستۆنیا بەشداری لە كۆنفڕانسەكەدا كردو یەكێك لە میوانە سەرەكییەكانی كۆنفڕانسەكە بوو، كە جگە لە یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، زیاتر لە ١٠٠ وەفدی باڵای وڵاتان بەشداربوون.