پارێزگاری دیوانیه ڕایگه‌یاند، پارێزگای دیوانیه سه‌رقاڵی دانانی ستراتیژییه‌تێكه بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌و پێشخستنی كارگه‌ی دیوانیه بۆ دروستكردنی تایه‌ی ئۆتۆمبێل، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پارێزگای دیوانیه بڕی (75) ملیار دیناری ته‌رخانكردووه.
(سالم عه‌لوان) پارێزگاری دیوانیه له‌لێدوانێكدا بۆ (سۆمه‌ریه نیوز) ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له‌ئێستادا پارێزگای دیوانیه كار له‌سه‌ر پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌پارێزگاكه‌دا ده‌كات، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پارێزگاكه ستراتیژییه‌تێكی درێژخایه‌نی پێنج ساڵه‌ی داڕشتووه، به‌مه‌به‌ستی نۆژه‌نكردنه‌وه‌و پێشخستنی كارگه‌ی تایه‌ی دیوانیه، كه به‌گه‌وره‌ترین كارگه‌ی تایه داده‌نرێت له‌ناوچه‌ی فوراتی ناوه‌ڕاستدا.
(سالم عه‌لوان) پارێزگاری دیوانیه وتیشی:”ستراتیژییه‌تی پێشخستنی كارگه‌ی تایه‌ی دیوانیه پێنج ساڵ ده‌خایه‌نێت‌و بڕی (75) ملیار دیناری له‌بودجه‌ی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی‌و كانزاكان بۆ ته‌رخانكراوه”.