وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەرواری ٢ مانگی ئایاری ٢٠١٩ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لێدروا، چاککرا و ژێرئاوکەوتووی قەدەغەکرد. بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوێکی فەرمی کە واژووی کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی لەسەربوو، بڵاو کرایەوە.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم بووە هۆی نیگەرانی بازرگانانی ئۆتۆمبێل و کڕیارانی ئۆتۆمبێل. چونکە دوای دەرچوونی بڕیارەکە کە لە ١ی تەمموزەوە هاوردە کردنی ئۆتۆمبێلی لێدروا، چاککرا و ژێرئاوکەوتووی قەدەغە دەکات، نرخی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و سارد و سڕیشی خستە نێو بازاڕی ئۆتۆمبێڵەوە.
لەگەڵ ئەوەی بەشێکیان بڕیارەکە بە بڕیارێکی باش دەزانن بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان، بەشی زۆرینەشیان نیگەرانن لە ئاکامی بڕیارەکە.
هەندرێن دلێر، خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل وتی، “لە ئێستادا بارودۆخی بازاڕی ئۆتۆمبێل زۆر خراپە. نرخەکان زۆر بەرزن و کڕیار کەمە. کڕیارەکان تەنها بە مەبەستی سەیر کردن و پرسینی نرخ سەردانی پیشانگاکان دەکەن”.
لەبارەی هۆکاری هەڵئاوسانی نرخەکان و کزبوونی کڕین و فڕۆشتن، هەندرێن ئاماژەی بەوەدا، “پێکنەهێنانی حکوومەت و رێک نەکەوتنی لایەنەکان تا ئێستا، بووەتە هۆی ناسەقامگیری بازاڕ. خەڵک پارەکانیان ناخەنە بازاڕ و کڕین. هۆکاری دیکەش زۆرن لەوانەش دابەش نەکردنی مووچەکان بە شێوەیەکی گونجاو و وەرگرتنەوەی پارەی پێشینە. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە خەڵک پارەی نییە و کڕین و فرۆشتن ئەنجام نادات”.
کورەچی لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە کاریگەری بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ کرد سەبارەت بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و وتی، “بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی ئۆتۆمبیڵی لێدرا و زیان بەرکەوتوو کاریگەری دروست دەکات لەسەر بازاڕ. نرخەکان زۆر گران دەبن. ئیتر ئۆتۆمبێل نایەت و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەناوخۆن نرخیان گران دەبێت و کەس ناتوانێت مامەڵە بە ئۆتۆمبێل بکات. بەم جۆرەش بازاڕ بە یەکجاری دەوەستێت”.
خاوەن پێشانگایەکی دیکەی ئۆتۆمبێل بە ناوی کەریم عەباس یاسین باسی خراپی بازاڕی ئۆتۆبێڵ دەکات و دەڵێت، “ماوەیەکە بازاڕی ئێمەی کڕیار و فرۆشیاری ئۆتۆمبێل بە تەواوی وەستاوە. ئەو ماوەیەی باسی دەکەین دەتوانم بڵێم لە مانگی سێی ئەم ساڵەوە قورستر بووە”.
کەریم عەباس لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وتی، “ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دەریکرد کە لەدوای بەرواری ١/٧ ئۆتۆمبێلێ لێدرا و ژێر ئاوکەوتوو و بێ ئێرباگ داخیل ناکرێت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازاڕ دروست کرد. بازاڕەکە خۆی لەخۆیدا لاوازە. دوای ئەو بڕیارەش نرخەکان بە یەکجار بەرزبوونەوە و خەڵکیش توانای کڕینی ئۆتۆمبێلی نەما. ئەو بڕیارە لە ڕووێکەوە بڕیارێکی خراپە. ئێمە لێرە سەیارەی تۆیۆتا کۆرۆلامان هەیە بە ١٣٥ وەرەقە، هەمان کۆرۆلا لە کۆمپانیا لە سەرووی ٢ دەفتەرەوەیە. کاتێک ئۆتۆمبێلی هەرزان نامێنێ لە بازاڕ خەڵک ناتوانێت ئۆتۆمبێل بکڕێت”.
هاوکات کەریم عەباس وتیشی، “ئەو بڕیارە قسەی زۆر هەڵدەگرێت. رەنگە لە بەرژەوەندی ٢ کۆمپانیا ئەو بڕیارە درابێت. ئێمە ئەو کۆمپانیایەمان دامەزراندووە و ئێمەش بازرگانی دەکەین بەڵام دەسەڵاتی ململانێمان نییە لەگەڵ ٢ کۆمپانیای گەورە کە لەگەڵ حکوومەت دەستیان هەیە”.
جیاواز لە بازرگانەکانی دیکەی ئۆتۆمبێل، رەشاد بەرزنجی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی بە بڕیارێکی ئەرێنی وەسف کرد و پێی وایە ئەم بڕیارە بە مەبەستی پارێزگاری کردنە لە گیان و سەلامەتی هاووڵاتییان. چونکە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دوبەی و رۆژهەڵاتی ناورەڕاست دەفرۆشرێت و دەهێندرێتە عێراق، هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا بەدی ناکرێت و لە کاتی روودانی هەر رووداوێکی هاتووچۆ دەبێتە هۆی دروست بوونی کارەساتی گەورەی گیانی و مرۆیی.
رەشاد بەرزنجی لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە لایەنە نەرێنییەکانیش کرد و وتی، “بازاڕ خۆی لەخۆیدا زۆر لاوازە. ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل هاتووە و بەهۆی نەبوونی متمانە بە دۆخەکە و پێکنەهێنانی حکوومەت و ئەو کێشانەی لە ئێستادا هەن پارەدارەکان پارەکانیان ناخەنە بازاڕ و بووژانەوەی ئابووری روونادات. لەگەڵ بوونی ئەو هەموو هۆکارە بۆ لاوازی بازاڕ، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ نرخی ئۆتۆمبێلی بەرزتر کرد و بە یەکجار بازاڕی ئۆتۆمبێلی سڕ کرد”.
لە کۆتایی قسەکانیدا بەرزنجی وتی، “راستە ئەو دۆخە لە هەموو کەس زیاتر زیانی بۆ ئێمە دەبێت، بڕیارەکە بازاڕی سڕ کردووە، بەڵام من بە تەواوی پاڵپشتی لە بڕیارەکە دەکەم چونکە هۆکارێکە بە ئەوەی بازرگانی نا شارەزا ئۆتۆمبێلی کوالیتی نزم نەخەنە بازاڕ و گیانی هاووڵاتی نەکەوێتە ژێر مەترسی”.