قه‌ته‌ر پەنابەر وەردەگرێت و مانگانە 820 دۆلاری دەداتێ


وڵاتی قەتەر ئاگاداری پێنج گروپ لە خەڵكی دەكات كە دەتوانن لە وڵاتەكەی داوای مافی پەنابەری سیاسی بكەن و مانگانەش بۆ كەیس داواكار 820 دۆلار دەبڕێتەوە خێزان و منداڵەكانیشی هاوكاری دەكرێن. 

بڕیارێكی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، لە رۆژنامەی فەرمی حكومەتی قەتەر بلاو كراوەتەوە كە تیایدا دەڵێت پێنج چین و توێژ دەتوانن داوای مافی پانەبەرایەتی سیاسی لە وڵاتەكەیان بكەن و ئەوانیش بریتیین لە مافپەروەر، پەیامنێر و رۆژنامەنووس، كەسانی سیاسی و لایەنی ئاینی، نووسەر و لێكۆڵەر لەگەڵ بەرپرسی ئێستا یان پێشوو، بەڵام بەو مەرجەی ھەڕەشەی لێكرابێت.

بڕیارەكەی میری قەتەر كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو دەركراوە بەڵام لە رۆژی یەك شەممە 19ی ئەم مانگە رۆژنامەی فەرمی بڵاویكردووەتەوە. 

بە گوێرەی بڕیارەكە ئەو كەسەی مافی پانەبەرایەتی سیاسی لە قەتەر وەربگرێت، مانگانە820  دۆلار بە خۆی و220 دۆلاریش بۆ ھاوسەر و ھەر منداڵێكی دەدەرێت تا ئەو كاتەی كارێكی گونجاو دەدۆزێتەوە.

ئەو كەسانەشی ئەو مافەیان پێدەدرێت جگە لە دامەزراوە ئەمنییەكان دەتوانێت لە ھەموو دامەزراوەیەكی ئەو وڵاتە كار بكات و  شوێنی نیشتەجێبوون و بیمەی تەندروستی و خوێندنی بۆ دەستەبەر دەكرێت.