شاندێکی بازرگانی‌و گه‌شتوگوزاری سنە سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سليمانی ده‌کات

شاندێکی بازرگانی‌و گه‌شتوگوزاری سنە بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابوورییەکان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

شاندەکەی سنە پێکھاتبوو لە نوێنەری گەشتوگوزاری سنە و سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتێل و ریستورانتەکان و ژووری بازرگانی و سەرۆکی کۆمپانیا گەشتوگوزاریەکانی سنە و نوێنەری کونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی، لەلایەن یاسین رەحیم، چێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی  و پیشەسازی سلێمانیەوە پێشوازیان لێکرا.

یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند “ئێمە پەیوەندی کۆن و لە مێژینەمان لەگەڵ پارێزگای سنە ھەیە، لە ئێستادا کە باردۆخی ئابووری ئێران بەکاتێکی دژواردا تێدەپەرێت ئامادەین وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەموو جۆرە ھاوکاریەکتان بکەین بەمەبستی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوانمان”.

راشیگەیاند “ھەر ھاوڵاتیەکی ئێرانی بە پشتگیری و نوسراوی رەسمی سەردانمان بکات لە ژوور ھەموو جۆرە ئاسانکاری و ھاوکاریەکیان دەکەین”.

حەمید حەمیدیان، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتێل و ریستورانتەکانی سنە لە کۆبونەوەکەدا وتی: خۆشحاڵ دەبین لە کاتی سەردانەکانی شاندەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی سنەش بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد ”داواکارین ھاوکاریمان بکەن پێشەنگایەکی گەشتوگوزاری تایبەت بە شوێنە گەشتیاریەکانی سنە لە سلێمانی بکەینەوە، تاکو شوێنە گەشتیاریەکانی سنە بە ھاوڵاتیانی سلێمانی ئاشنا بکەین”.