“کوردستان لە بەرهەمهێنانی مریشک پێویستی بە هاوردە کردن نەماوە”

سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئاشكرای دەكات پێویستە هێنانی هەموو جۆرە مریشك و هێلكەیەك قەدەغە بكرێت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و ئێستە دەتوانین بەرهەمی ناوخۆیی بۆ شارەكانی تریش بنێرین.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بەرهەمی ناوخۆی سلێمانی زۆر زیاترە لە پێداویستی خۆی لە كاتێك عێراق لە 18ی ئەم مانگەدا بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی مریشكی زیندوو و بەستوو و هێلكە و ماسی هاوردەكراو، ئەم بڕیارەش خەونی چەند ساڵەی ئێمەبووە كەچەندینجار داوامان كردووە، داواش لە حكوومەتی هەرێم دەكەین پابەندی ئەو بڕیارەی حكوومەتی عێراق بێت تاوەكو وەبەرهێنەران پەرە بە بەرهەمەكانی خۆیان بدەن.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتی، ئێستە نزیكەی 800 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری  لە سلێمانی هەیە هەزار و 250 هۆڵی بەخێوكردنی مریشك و جوجك، كۆمەڵێك پڕۆژەی تریش بەڕێوەیە دوای ئەم بڕیارە بخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە و هەلی كار بۆ دەیان هەزار كەس دەڕەخسێنرێت.

هاوكات، نازم عەبدوڵڵا وتەبێژی‌ كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی وتی، دەتوانین پێداویستی ناوخۆ پڕبكەینەوە و بەرهەمهێنانی مریشك  لەپێداویستی ناوخۆ زیاترە، ساڵانە بە هەڵەبجە و گەرمیانەوە 67 هەزار تۆن مریشكمان پێویستە، بەڵام 167 هەزار تۆن مریشك بەرهەم دەهێنرێت.

ئەو داواكاارییەكەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە كاتێكە ساڵێ‌ ڕابردوو بەهۆی زۆری بەرهەم نرخی مریشك كیلۆی لە هەزار دینار نزیك بوویەوە ئەوەیش وایكرد جوتیاران زیانێكی زۆر بكەن.