” هه‌وڵێك بۆ به‌ئامانجكردنی‌ ئابوری‌ عێراق له‌ئارادایه‌ “

پسپۆڕێكی‌ بواری‌ ئابوری‌ له‌عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و ڕاپۆرته‌ی‌ كه‌ ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ جیهانییه‌كانی‌ بواری‌ گه‌شه‌پێدان له‌له‌نده‌ن سه‌باره‌ت به‌ئابوری‌ عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دووره‌ له‌ڕاستیی‌‌و زانیارییه‌كانی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ زانستیی نه‌خستووه‌ته‌ڕوو.
(هیلال ته‌عان) پسپۆڕی‌ بواری‌ ئابوری‌ بۆ ڕادیۆی‌ (عێراقی‌ ئازاد)ی‌ ڕوونكردووه‌ته‌وه‌، ڕاپۆرته‌كه‌ی‌ ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ جیهانییه‌كانی‌ بواری‌ گه‌شه‌پێدان له‌له‌نده‌ن، مه‌به‌ستداره‌‌و ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌كی‌ خراپ له‌باره‌ی‌ عێراقه‌وه‌ پیشانی‌ جیهان بدات. 
پسپۆڕه‌كه‌ی‌ بواری‌ ئابوری‌ عێراق وه‌بیری‌ هێناوه‌ته‌وه‌، یه‌ده‌كی‌ نه‌وتی‌ عێراق له‌یه‌ده‌كی‌ نه‌وتی‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهان زیاتره‌، ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ وه‌كو كێشه‌ی‌ عێراق باسی كردوون، كێشه‌ی‌ جیهانین. 
دوێنێ میدیای‌ عێراقیی بڵاویكرده‌وه‌، ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ جیهانییه‌كانی‌ بواری‌ گه‌شه‌پێدان له‌له‌نده‌ن، ڕاپۆرتێكی‌ له‌باره‌ی‌ عێراقه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌‌و تێیدا حكومه‌تی‌ به‌غدای‌ به‌گه‌نده‌ڵی‌‌و به‌هه‌ده‌ردانی‌ پاره‌ تۆمه‌تبار كردووه‌.