‘تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دووبارە دەست پێكردنەوەی قەرزی گەنجان”


بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی لە هەرێم رایدەگەیەنێت كە وەرگرتنەوەی قەرزی گەنجان دەستی پێ كردووە و هەر كەس پابەندی پێدانەوە پارەكە نەبێت مووچەی كەفیلەكەی رادەگیرێت و دووپاتی كردەوە كە چاوەڕوانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم دەكەن بۆ دەست پێكردنەوەی پێدانی قەرز بە گەنجان.

ئارام ئەنوەر, بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند, دەست بە وەرگرتنەوەی پارەی قەرزی گەنجان كراوە لەوانەی پێش چەند ساڵێك داوای قەرزیان كردبوو و سوودمەندبوون لە وەرگرتنی ئەو پارەیە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە. 

ڕاشیگه‌یاند, ئەوانەی سوودمەندبوون لە وەرگرتنی ئەو پارەیە و بەپێی ئەو بڕەی كە وەریان گرتووە, دابەش دەكرێت بەسەر ١١ قیست و ساڵانە دوو قیستی پارەكەیان لێ وەردەگیرێتەوە, بڕی ئەو پارەیەش كە وەك قیست دراوە لە یەك ملیۆن دینار بۆ ١٥ ملیۆن دینار بووە و ئەو كەسانە سوودمەندبوون كە بەپێی لیژنە پڕۆژەكانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە.

ئەنوەر روونی كردەوە، ئەوانەی كە لەكاتی خۆی قەرزەكانیان نادەنەوە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و غەرامە دەچێتە سەر قەرزەكەی و ئەگەر كەسی سوودمەند  نەیتوانی بەردەوام بێت لە داناوە، ئەو كەسەی بووەتە كەفیل مووچەكە‌ی رادەگیرێت یان بەشێك لە مووچەكەی دەبڕدرێت تا كاتی پێدانەوەی قەرزەكە‌.

لە بارەی دووبارە دەست پێكردنەوەی پێدانی ئەو قەرزە بە گەنجان، ئەو بەڕێوەبەرە ئاشكرای كرد، وەك داواكاری زۆرمان بۆ هاتووە, بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دووبارە دەست پێكردنەوەی ئەو قەرزە بە گەنجان, چاوەڕێ دەكەین لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە و شێوازەكەی دیاری بكرێت.

شایەنی باسە لە ساڵی ٢٠١١ دەست بە دابەشكردنی ئەو قەرزە كراوە بۆ گەنجان و لەگەڵ دروستبوونی تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە راگیرا و ئێستە دەستی پێ كردووەتەوە و لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی سوودمەند بوون.