بۆ یەکەمجار بارهەڵگری کارەبایی لە سوید کاری پێ دەکرێت

لە شاری جۆن کۆپینگی سوید بۆ یەکەمجار بارهەڵگری کارەبایی بە بێ شۆفێر کاری پێکرا. ئەم بارهەڵگرە کە کارەکەی گواستنەوەی شتومەکە لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی کارەباییەوە کاری پێ دەکرێت.

بەڕێوبەری کۆمپانیای ئێنرید کە خاوەنی ئەم بارهەڵگرە بچوکەن کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت بە بێ شۆفێر ئامێر بۆ ماڵان بگوازرێتەوە ناوی ڕۆبەرت فاڵکە، ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم داهێنانەی کۆمپانیاکەیان دەبێتە یەکەم بارهەڵگری کە بە بێ شۆفێر بتوانێت لە ڕێگەی کارەباوە ئەم کارە ئەنجام بدات، هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا لە تاقیکردنەوەدان لە داهاتودا ئەم بارهەڵگرە دەخەنە بازاڕەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەم داهێنانەی ئەوان شۆڕشێکی نوێ لە تەکنەلۆژی نوێدا بەرپا دەکات.

ئەم بارهەڵگرە ناوی تی پۆتی لێ نراوە و لە ڕێگەی ئینتەرنێتی 5G کاردەکات و دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت. چەندین ڕادار و هەستەوەری لەسەر دانراوە هەروەها دەتوانرێت بە ٣٦٠ پلە لە دەوروبەریدا چاودێری بکرێت.

فالک باسی لەوە کرد کە ئەم بارهەڵگرە لە ڕێگەی کارەباوە کار دەکات و دۆستی ژینگەیە و تێچویەکی کەمی هەیە، “ئەم بارهەڵگرە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ ئەو بارهەڵگرانەی کە بەنزین و نەوت کاردەکەن تێچوی ٪٦٠ کەمترە.

لەڕوی سیستەمی کاراکردن و بەرگریەوە سیستەمی ئەم بارهەڵگرە زۆر بەرەوپێش براوە. هەموو ڕێگەیەکیش گیراوەتە بەر هەتا سیستەمی ئەم بارهەڵگرە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کۆنتڕۆڵ نەکرێت.