کچە کوردێک بەناوی شەم ئەحمەد لەسەر لیستی پارتی کاری ھۆڵەندا دەبێتە بچوکترین کاندید بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا کە بڕیارە رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە بەرێوەبچێت.
شەم ئەحمەد لەساڵی ١٩٩٦ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە ھۆڵەندا تەواوکردووە، لە ساڵی ٢٠١٨ کۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی بە پلەی بەرز تەواوکردووەو ئێستا خوێندکاری ماستەرە لە زانکۆی تیلبورخ لە ھۆڵەندا، کە لە یەک کاتدا دوو ماستەر دەخوێنێت،یەکێکیان سەبارەت بە یاسای نێودەوڵەتییەو ئەوی تریان سەبارەت بە قوربانییەکانی جەنگ و توندو تیژی و کارەساتی سروشتییە.
شەم ئەحمەد لە تەمەنی١٥ ساڵییەوە ئەندامی پارتی کاری ھۆڵەندییە، دووجار بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان کاندید بووە.ماوەیەکی زۆریش سەرۆکی گەنجەکانی حزبەکەی بووە لە ھەرێمی نۆردبرابانت و لەزانکۆش سەرۆکی گەنجەکانی کۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی بووە.
شەم ئەحمەد بڕیاریداوە لە پەرلەمانی ئەوروپا کاربکات لەسەر ھاوتاکردنی بڕی پارەی کارکردنی ژن لەگەڵ پیاودا، چونکە تا ئێستاش ژنان لە ئەوروپادا بەرامبەر ئەو کارانەی دەیکەن %١٦ کەمتر لە پیاوان وەردەگرن، ھەروەھا زیادکردنی موچەی ئەو خوێندکارە ئەوروپیانەی دەیانەوێت لە ووڵاتێکی تری ئەوروپی درێژە بە خوێندن بدەن.