دووبارە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی نێوان بەغداد و شام دەستپێدەکاتەوە

 گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی لە نێوان بەغداد-شام دوای ٨ ساڵ لە راگیران، دووبارە دەستپێدەکاتەوە.
 
لە روونکردنەوەیەکیدا لەیت روابای، وتەبێژی هێڵی ئاسمانی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کەوا هێڵی ئاسمانی شام دوای ٨ ساڵ، ١٨ـی ئایاری رۆژی شەممەی داھاتووەوە دەست بە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی بەغداد دەکاتەوە.

ئەو وتەبێژە ئاشکرای کرد کەوا گەشتەکانی نێوان شام بۆ بەغداد هەفتەی جارێک بەڕێوەدەچێت. جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەم گەشتانە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی لە سووریا نیشتەجێن.

دواجار کانوونی یەکەمی ٢٠١١ گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادەوە بۆ شام بەجێگەیاندرابوو.

جیالەمە بە گوێرەی نوسراوێک کە لەلایەن وەزارەتی گەیاندنی سووریاوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە کەوا زۆر خۆشحاڵن بەم بڕیارە.