هەرێمی کوردستان ساڵانە یەک ملیار و دووسەد ملیۆن هێلکە بەرهەم دەهێنێت

بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری هەرێمی کوردستان، جەمال ئاکرەیی رایگەیاند کە قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی هێلکە نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆنە و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە ٨٥٠ ملیۆن هێلکە هەیە لە ساڵێکدا، ئاماژە بەوەیش دەکات کە بەشێکی زۆر لە هێلکەی هەرێمی کوردستان، دەنێردرێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

جەمال ئاکرەیی, بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: “دوو جۆر هێلکە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کە تەنها لە رووی رەنگەوە جیاوازییان هەیە و بە گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان خواستی لەسەر هێلکەی سپی هەیە و خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، خواستیان لەسەر هێلکەی قاوەیی هەیە، بەڵام لە رووی پێکهاتەییەوە هیچ جیاوازییەکییان نییە”.

بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری هەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی کێڵگەکان و قەبارەی بەرهەمێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان وتی: “لە هەرێمی کوردستان ١٠ پڕۆژەمان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هێلکە، یەک دانەی لە شاری دهۆکە و ئەوانی دیکە لە شاری هەولێرن، ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن هێلکە بەرهەم دەهێنین، بۆ پێداویستی ناوخۆش، هەرێمی کوردستان پێویستی٨٥٠ ملیۆن هێلکە هەیە، چونکە هەر هاووڵاتییەک بەپێی ستاندارد بۆی هەیە ساڵانە ١٥٠ هێلکە بخوات، بەڵام لە کۆی بەرهەمهێنانی هێلکە، سەدا ٩٥ی هێلکەی بەرهەمهاتوو رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت”.

جەمال ئاکرەیی وتیشی: “ئەگەر هاتوو ئەو هێلکەیەی لێرە بەرهەم دەهێندرێت و لێرەش ساغ بکرێتەوە، ئەوا پێویستمان بە هاوردەکردنی هێلکە نییە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە بازرگانییەوە هەیە چونکە ، ئەو پڕۆژانە زۆربەیان گرێبەستیان هەیە لەگەڵ بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کەمیان بەرهەمەکانیان لە کوردستان ساغ دەکەنەوە، چونکە لەوێ هەندێک نرخی گرانترە، بۆیەش لەبەرامبەردا هێلکەی دیکە لە وڵاتانی وەکو تورکیا و ئۆکڕاینا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.

سەبارەت بە قەبارەی هێلکەی هاوردەکراو لە وڵاتانی وەک تورکیا و ئۆکڕاینا، بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری هەرێمی کوردستان وتی: “بە گشتی ساڵانە نزیکەی ٨٠ تا ٩٠ هەزار تۆن هێلکە هاوردەی عێراق دەکرێت و ئەو هێلکانە لە وڵاتانی وەک تورکیا و ئۆکڕاینا دەهێندرێن، پێشووتر لە وڵاتی ئێرانیش هاوردە دەکرا، بەڵام بەهۆی هەبوونی ئەنفلەوەنزا لەو وڵاتە، ئەوا رێگا نادەین هێلکە و مریشک و بەرووبوومەکانی دیکە هاوردە بکرێت”.

بەرووبوومی هێلکە پێویستە مێژووی دەرچوون و بەسەرچوونی بەسەرەوە بێت و ئەمەش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە بەپێی کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و، سەبارەت بەم بابەتەش، دکتۆر جەمال ئاکرەیی وتی: “لەلای ئێمە دەبێت مێژووی یەک مانگی بەسەرەوە بێت، بەڵام لە شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق رێگاپێدراوە کە مێژووی سێ مانگی بەسەرەوەبێت، چونکە ئێمە رەچاوی پلەی گەرما و کارەبامان کردووە”.

لەبارەی مەرجەکانی هاوردەکردنی هێلکە لە وڵاتانی دیکەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ناوبراو وتی: “چوارجۆر هێلکە هەیە لە رووی قەبارەوە، ئێمە بە گشتی کاتێک رەزامەندی هاوردەکردین دەدەین، ئەوا دەبێت لە جۆری مامناوەندی گەورەتربێت و هەر هێلکەیەک ٥٥ تا ٦٠ گرام بێت و کارتۆنی لەسەرەوەی ٢٢ کیلۆ بێت، هەروەها دەبێت مێژووی دەرچوون و تەواوبوونی یەک مانگی بەسەرەوە بێت و مەرجە ئەو کاتەی دێتە ناو هەرێمی کوردستان سەدا ٣٠ی تەمەنی لەدەست نەدابێت و دوای ئەوەش پشکنینی لە تاقیگە بۆ دەکرێت و پاشان رێگایان پێ دەدرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری هەرێمی کوردستان، دکتۆر جەمال ئاکرەیی راشیگەیاند: “دوێنێ نووسراوێکمان ئاراستەی کشتوکاڵی هەموو پارێزگاکان کردووە کە ئەو هێلکانەی مۆری مێژووی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی بەسەرەوە نییە، لێی دووربکەنەوە، چونکە نازانرێت ئەم هێلکەیە کەی بەرهەمهاتووە و، ئەگەریش پابەند نەبن ئێمە یارمەتییان نادەین و بڕوانامەی تەندروستییان پێ نادەین بۆ ئەوەی هێلکە هاوردەی شارەکانی دیکەی عێراق بکرێت، بە گشتی تیمێکی هاوبەشی تەندروستی و کشتوکاڵ و قایمقامیەت هەیە و لە ئەگەری هەبوونی حاڵەتێکی وا، ئەوا بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”.