هه‌رێم و بەغدا رێککەوتنێکى بازرگانییان واژوو کرد

لەسەر راسپاردەى هاوبەشى ئەنجوومەنى ئابوویى هەولێر و بەغدا،شاندێکى وەزارەتى بازرگانى هەرێم سەردانى بەغدای کرد و رێککەوتنێکیان پەیوەست بە چەند پرسێکى بازرگانى واژوو کرد.

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى بازرگانى راگەیاند: ” رێککەوتنى شاندى حکوومەتى هەرێم و عێراق چەند تەوەرێکى گرنگى لەخۆ گرت لەوانەش یەکخستنى مۆڵەتى هەناردە و هاوردە چونکە پێشتر پێناسەى گومرگیش لەنێوان هەردوولادا یەکخرابوو، بۆئەوەى هەر بازرگانێک لە کوردستان مۆڵەتى بازرگانى دەرکردبێت لەسەرجەم دەروازەکانى عێراق کارى پێبکرێت یان بە پێچەوانەشەوە”.

راشیگەیاند: “بۆ لەمەودوا داواکارى بۆ دەرکردنى مۆڵەتى بازرگانى دەکرێتە ئۆنلاین و هەر بازرگانێک دەتوانێت لە ئۆفیسەکەى خۆیەوە داواکارى پێشکەش بکات، کاتێک مۆڵەتەکەشى دەرچوو رەوانەى دەروازەکانى بکات بۆ راییکردنى کاروبارى بازرگانى”.

بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى بازرگانى ئەوەشى خستەڕوو: “داوامان کرد سەبەتەى خۆراکى هاووڵاتیان گۆرانکارى تێدا بکرێت لەڕووى کوالێتى و تەنیا بەو کەسانەش بدرێت کە پێویستیان پێیە، پسولەى خۆراکیش دەرکێتە کارتى زیرەک”.


ئاماژەى بە ئەوەش کرد” (سندوقى هاوکارى نیشتمانى) لقێکى لەهەولێر دەکاتەوە، ئەو سندوقە تایبەتە بە یارمەتیدانى ئەو کەسانەى کە بەرهەمى ناوخۆیى هاوردەى دەرەوە دەکەن و هەرێمى کوردستانیش ئەندامێکى لەو سندوقە دەبێت”.