ئەمڕۆ لەنێو بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری پارێزگای سلێمانی و لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عێراق، سەرباخ ساڵح و پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری حکومی و رێکخراوەکە، لقی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) لە سلێمانی کرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری سلێمانی، شاڵاو جەمال باسی لە گرنگی کردنەوەی لقی رێکخراوە جیھانییەکە لە شاری سلێمانی کرد و ئاماژەی کرد بەوەی سلێمانی خاوەن رووبەرێکی بەرفراوانی زەوی کشتوکاڵی و پاوان و ژینگەیەکی لەباری ھەیە بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری.
ئەو لە وتەیەکدا بۆ بەشداربووانی رێوڕەسمەکە وتی: “رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) مێژوویەکی کۆنی ھەیە لە خزمەتی کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق و پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی بووە، بە ھۆی ئەو خزمەتەش کە لە ساڵی ١٩٩٧ تا ساڵی ٢٠٠٤ کردویانە وای کرد لەنێو بینای فەرمانگەکەمان شوێنیان بکەینەوە و ھیوادارین بە ھەماھەنگی تەواو کارەکان ئەنجام بدەین بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە سنوورەکەماندا”.
شاڵاو جەمال وتی: “بە وەگەڕخستن و وەبەرھێنانی ئەو توانا کشتوکاڵییەی لە پارێزگاکەدا ھەیە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک ناھێڵێت و دەبینە وڵاتێکی بەرھەمێن و دەتوانین ھەناردەی دەرەوەش بکەین، بەڵام ھەموو ئەوانە پێویستیان بە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی ورد ھەیە لە لایەن حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ، لەوانەش گۆڕینی وەزارەتی کشتوکاڵ لە وەزارەتێکی ئاساییەوە بۆ وەزارتێکی سیادی ، لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە کشتوکاڵ و بووژاندنەوەی بانکە کشتوکاڵییەکان و راکێشانی دەستی وەبەرھێنەرانی دەرەوە و وەگەڕخستنی وەبەرھێنەرانی ناوخۆ لەنێو کەرتی کشتوکاڵدا، لەگەڵ بەپیشەسازیکردنی ئەم کەرتە”.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری سلێمانی ئەوەشی وت “پێویستە لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت بە گرنگییەوە سەیری کەرتی کشتوکاڵ بکات و بوودجەیەکی شیاوی بۆ دیاری بکات تا بتوانێت قەرەبووی پێنج ساڵی رابردوو بکات کە ئەم کەرتە ھیچ بوودجەیەکی نەبووە”.