قائیمقامی سلێمانی؛ سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی هاوڵاتیان ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌

به‌مه‌به‌ستی پشكنینی ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن، قائیمقامی سلێمانی كه‌ره‌نتیه‌نه‌ی كشتوكاڵی دروست ده‌كات و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی سلێمانی ده‌ڵێت: ئه‌ركی سه‌ره‌كی كه‌ره‌نتینه‌كه‌ پاراستنی سه‌لامه‌تی هاوڵاتیانه‌ و كارئاسانیش بۆ بازرگانه‌كان ده‌كرێت. 

به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردن و چۆنیه‌تی پشكنینی كاڵاوشمه‌كه‌ هاورده‌كراوه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بازرگانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2019.5.14 به‌سه‌رپه‌رشتی ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی و ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی مه‌رزی باشماخ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌‌كانی ئاسایشی ئابووری، ته‌ندروستی، ڤێتێرنه‌ری، كشتوكاڵ، چاودێری بازرگانی، كوالێتی كۆنترۆڵی، گومرگ، یه‌كێتی هاورده‌وهه‌نارده‌كاران و ژوری بازرگانی سلێمانی كۆبووه‌وه.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ه‌دا ئاوات محه‌مه‌د رایگه‌یاند؛ پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر وسه‌لامه‌تی ته‌ندروستی هاوڵاتیان ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌ و له‌ڕێی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ چاودێری بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان ده‌كه‌ین.

ھەریەکە لە یاسین ڕەحیم فەرەج, جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و دکتۆر سەلام عه‌بدوڵا، ڕاوێژکاری ژووری بازرگانی تیایدا بەشداربون و پێشنیار و ڕێنمای خۆیان لەسەر چۆنێتێ کاری ھاوبەشی لیژنەکانکردەوە کە لەگەڵ بازرگانان بەشێوەیەکی ئاسان کاربکرێت و کاری بازرگانی خێراتر بڕوات.

دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ رزگار حمدخدر، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگه‌یاند؛ به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردن و چۆنیه‌تی پشكنین له‌ڕوی ته‌ندروستیه‌وه‌ بۆئه‌و به‌روبومانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن هه‌روه‌ها ئاسانكاری بازرگانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیار به‌ دروستكردنی بۆردێكی كشتوكاڵی دراوه‌.

ووتی؛ یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و بۆرده‌ كشتوكاڵیه،‌ پاراستنی سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ره،‌ بۆیه‌ بڕیاردراوه‌ ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێت به‌وردی پشكنینی ته‌ندروستی بۆ ئه‌نجام بدرێت.

وتیشی؛ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا، بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی به‌روبومی ناوخۆیی و هاورده‌كراوه‌كان، به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان له‌به‌رچاو بگیرێت، هه‌روه‌ها بۆ پشتیوانی جوتیارانیش باج له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ دابنرێت كه‌ وه‌رزی پێگه‌شتنیانه‌ له‌ناوخۆدا.

ده‌رباره‌ی هاورده‌كردنی مادده‌ قڕكه‌ره‌كان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد؛ بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان و به‌رهه‌مهێنانی به‌روبومی ته‌ندروست له‌ كێڵگه‌ كشتوكاڵیه‌كان، بڕیاردرا‌ به‌هاوكاری ژوری بازرگانی سیمینارێك بۆ بازرگانه‌كان سازبدرێت و‌ له‌روی یاسایی و ته‌ندروستیه‌وه مادده‌ قڕكه‌ره‌كان‌ بۆ بازرگانان شیبكرێته‌وه‌.