پیشەسازی ئوتۆمبێل کە دوای پیشەسازیی نەوت دووەم پشەسازیی گەورەی ئێرانە، بەهۆی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمەریکاوە تووشی قەیرانێکی گەورە بووە. لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، رێژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران زیاتر لە 50% دابەزیووە و نرخی ئۆتۆمبێلەکانیش بە رێژەیەكی بەرچاو گران بووە.
ئەنجوومەنی ئوتۆمبێلسازانی ئێران لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لەو وڵاتە بە بەراورد بە بەهاری ساڵی رابردوو پێش کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی نیوە بووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی وەن بە تەواوی راوەستاوە، ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر 47% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 40 هەزار و 602 دانە و دروستکردنی ئوتۆمبێلی جۆری پیکابیش 38% کەمبووەتەوە گەیشتووەتە تەنیا هەزار و 916 دانە.
لەم مانگەدا و لە سەرجەم کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران تەنیا 7 مینی پاس و 5 پاس دروستکراون و کە ئەمە 10%ی ژمارەکانی ساڵی رابردووە. بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی گەورەی بارهەڵگریش 86% دابەزیووە لەم ماوەیەدا تەنیا 93 ئۆتۆمبێلی لەم شێوەیە بەرهەم هاتووە.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجوومەنەکەدا بڵاو کراوەتەوە لە یەکەم مانگی بەهاری ئەمساڵدا بە گشتی 42 هەزار و 623 ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری ئێران بەرهەم هاتووە کە بە بەراوەرد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 47%ی کەمیکردووە.
پیشەسازیی ئوتۆمبێل لە ئێران لە پاش پیشەسازیی نەوت دووهەم گەورە پیشەسازیی ئەم وڵاتەیە. پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی و گەڕانەوەی گەمارۆکان ئەم کەرتە بۆ دابین کردنی بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل تووشی قەیران بووە. کشانەوەی کۆمپانیا گەورەکانی ئۆتۆمبێلسازیی جیهانیش لە بازاڕەکانی ئێران قەیرانەکەی ئەوەندەی دیکە قووڵ کردووەتەوە.
ساڵێک بەر لە کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەکە یەک ملیۆن و 538 هەزار ئۆتۆمبێلی لە ناوخۆی ئێراندا بەرهەم هاتوون. ئەم ژمارەیە ساڵی رابردوو گەیشتە 950 هەزار و چاوەڕێ دەکرێ ئەمساڵیش دیسان کەمتر بێتەوە و بگاتە کەمتر لە 500 هەزار دانە. ئەوەش بە مانای داخرانی زیاتر لە نیوەی کارگەکان و بێکار بوونی هەزاران کەس دەبێت.