وەزارەتی كارەبا ڕەتی دەكاتەوە سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم ببێتەوە

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم ببێتەوە و ڕای دەگەیەنن، ئێستە دۆخی كەشوهەوا و خواستی هاووڵاتییان لەسەر كارەبا جێگیرە.

ئەمڕۆ دووشەممه‌ 13ی ئایار، حەمەئەمین هەورامی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ئێستە نزیكەی 20 سەعات كارەبای نیشتمانی دەدرێ‌ بە هاووڵاتییانی كوردستان.

ڕوونیشی كردەوە كە دۆخی كەشوهەوا و خواستی هاووڵاتییان لەسەر كارەبا جێگیرە و ئەگەر بەمجۆرە بمێنێتەوە سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشمانی كەم نابێتەوە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا گوتی، هەموو ئامادەكارییەك كراوە تا لە وەرزی هاوین پارێزگاری لەو بڕە بەرهەمهێنانەی كارەبا بكرێ‌ و بەمشێوەی ئێستە بدرێت بە هاووڵاتییان.

ئەوە لەكاتێكدا كە ماوەی مانگێكە بەهۆی كەشوهەواوە ڕۆژانە چەندان سەعات كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێ‌ و بە تەواوكردنیشی لەگەڵ كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان 24 سەعات كارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان.