بەغدا و ئەنقەرە پڕۆژەی دروست کردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن

حكوومەتی عێراق ڕەزامەندیی بۆ دروستكردنی سێ بەنداو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر دەردەبڕێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە SNNی ڕاگەیاند: لە نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێم و توركیا، سێ بەنداوی گەورە لەسەر ڕووباری شین، حاجی بەند كە دەكەونە سنووری قەزای مێرگەسۆر دروست دەكرێن.

ناوبراو وتیشی:” لەساڵی 2015ەوە تا ئێستا دانووستان بەردەوامە، لایەنی حكوومەتی ناوەندی و هەرێم و وەزارەتی دەرەوە و سەرچاوە ئاوییەكانیش ڕەزامەندن لەسەر دروست كردنی ئەو سێ بەنداوە، تەنها چەند ڕێكارێک ماون لەگەڵ حكوومەتی توركیا یەكلاب كرێتەوە”.

سەبارەت بەتێچووی بەنداوەكانیش، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاشكرای كرد: تێچووەكەی بەهاوبەشی دەبێت لە بودجەی سیادی عێراق و حكوومەتی توركیا، بڕیاریشە وەفدێكی توركیا لە ئاستێكی زۆر باڵا سەردانی بەغدا بكەن، وادەی دروست كردنی ئەو بەنداوانەش یەكلا دەكرێتەوە.