بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان رایگهیاند، دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لیژنەی دارایی پهرلهمان داوای پڕۆژەیاسای بودجە لە حکوومەت دهكات، وتیشی، ھەرچەندە لە نیوەی ساڵ نزیک دەبینەوە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت، پێویستە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکرێت و لە لایەن پەرلەمانەوە دوای گفتوگۆ و پێداچوونەوە پەسەند بکرێت.
محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان وتیشی، ئێستا ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵدا ھەیە و پارە و داھات و مووچە ھەیە و دەبێ بودجەش بۆ ڕێکخستنی خەرجییەکانی حکوومەت ھەبێت.
باسی لهوهش كرد، ماوهی پێنج ساڵه بەھۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، ھەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووە.
لای خۆیهوه دکتۆر ئەرشەد تەھا، پسپۆڕی ئابووری وتی، دهبێ ئهمساڵ ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات، ئهمه ھەنگاوێکی پێویستە، چونکە داھات و خەرجی ھەن، مادام ساڵانی پێشووش نەبووە دەبێ ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، تا بەدواداچوون بۆ خەرجییەکان و داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت.