بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەت سورە لەسەر نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە ٣٠ ملیار دینارە.
سدقی ئامێدی بریكاری وەزیری ئاوەدانكردنەوەی رایگهیاندوە، نۆژنکردنەوەی ڕێگاکان ٣٠ ملیار دیناری تێدەچێت بەشێوەیەک هەر پارێزگایەک پێویستی بە ١٠ ملیار دینارە.
باسی لەوەشکردووە، لەو سولفانەی مانگانە حکومەت بۆیان خەرجدەکات، ئەو ڕێگایانە چاکدەکەنەوە کە زۆر پێویستیان بە چاککردنەوەیە و لە ئێستاشدا دەستیانکردووە بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکانی نێوان هەولێر خەبات و ڕێگاکانی سنوری حاجی ئۆمەران، چاوەڕێی دابینکردنی بودجەش دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم ڕێگاکان.
بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە دەکرێت بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ سەرجەم ڕێگاکان و حکومەتیش سورە لەسەر نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ماوەی پێنج ساڵە ھیچ رێگایەك نۆژەن نەكراوەتەوە، بەڵام ئێستا دۆخی ئابووری باشە و دەست بە نۆژەنكردنەوەی ڕێگاکان دەكرێت.