بەهۆی كەمبوونەوەی وەرگرتنی پارەی ڤیزای ئەلیكترۆنی لە گەشتیارانی هەرێم و لابردنی رسومات لەسەر گەشتیارانی ئێران لە ماوەی مانگێك زیاتر لە 105 هەزار گەشتیار لە رێی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و چوونەتە شارەكانی ئێران.
مەریوان كەریم بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن و پێوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ راگەیاند، دوای رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و ئێران، لەسەر لابردنی ئەو رسوماتەی لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگیرا، هاوكات كەمبوونەوەی پارەی وەرگرتنی ڤیزای ئەلیكترۆنی لە گەشتیارانی هەرێم كە دەچنە ئێران، بە رێژەیەكی بەرچاو هاتن و چوونی گەشتیاران لە مەرزی باشماخەوە زیادی كردووە.
زیاتر وتی، ئەو بڕیارە كاریگەرییەكی زۆری هەبووە، چونكە بەپێی ئاماری بنكەی نیشینگەی باشماخ لە ماوەی مانگی نیساندا 44 هەزار و 618 گەشتیاری ئێرانی، هەروەها 45 هەزار و 487 گەشتیاری هەرێمیش چوونەتە ئێران.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانی لێ ئەنجام دەدرێت.