وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە سوڵتانشینی عومان بڕیارداوە، کاری دیپلۆماتی لە بەغدا دەست پێ بکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رایگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەکیم نامەیەکی لە وەزیری دەرەوەی سوڵتانشینی عومان، یوسف بن عەلەوی بەدەست گەیشتووە.
لەناوەڕۆکی نامەکەدا، وەزیری دەرەوەی سوڵتانشینی عومان یوسف بن عەلەوی جەختیکردووەتەوە کە وڵاتەکەی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دەکاتەوە و، ھەروەھا کارە دیپلۆماتییەکانشی لە عێراق دەست پێ دەکاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە: “عێراق ئەم ھەنگاوەی سوڵتانشینی عومان بە ھەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم دەدات بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، بە تایبەتیش بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییە ھاوشەکان”.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا، پێشڤەچوونێکی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوڵتانشینی عوماندا بەدی ھاتووە، بە تایبەتیش ھەردوو وڵات رایانگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن لە چەند دۆسیەکی ھەرێمییدا، سیاسەتی بێ لایەنی پەیڕەو بکەن.