ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە نوێترین بەڵگەکانی کە پشتبەستوو بە پسوڵە و بەڵگەی باج بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاند کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٥-١٩٩٤دا دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا ١ملیار و ١٧ ملیۆن دۆلار زەرەری کردووە، ئەوەش دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە دووەم گەورەترین زەرەرمەندی ئەو ساڵانەی ئەمریکا لەدەستیان داوە.
بەپێی هەواڵەکە.، تڕەمپ لەو ساڵانەدا یەکەمین کەس بووە کە زۆرترین زەرەری کردووە و تەنها لە نێوان ١٩٩٠-١٩٩١ دا ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری زەرەر کردووە لە بازرگانییە کەسییەکانیدا، کە خۆیان لە میوانخانە و پێشانگا و قومارخانەکاندا بینوەتەوە.
هەر بەپێی بەڵگەنامەکان، تڕەمپ لەو ساڵانەدا هێندە زەرەری کردووە کە لە پێدانی باجەکان بەخشراوە. هاوکات لە چەند مانگی رابردووشدا تڕەمپ دژایەتییەکی زۆری پێشنیاری دیموکراتەکانی دەکرد بۆ ئاشکرا کردنی پسوڵە و بەڵگەی باجەکانی ساڵانی ڕابردووی. دواتریش وەزیری دارایی ئەمریکا بە فەرمی داواکاریی بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەندامەی باجدانی ٦ ساڵی ڕابردووی تڕەمپ ڕەت کردەوە.
شایەنی باسە پێشتر و بەتایبەتیش لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ساڵی ٢٠١٦دا، دۆناڵد تڕەمپ یەکێک لە شانازیی و بانگەشەکانی ئەوە بوو کە ئەو بە توانا و هەوڵی خۆی بووە بە ملیاردێر و ئەوەی وەک خاڵی بەهێزی خۆی ڕادەگەیاند.