له‌هه‌موو وڵاتانی دنیادا، ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌گشتی‌و زانكۆكان به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆیان به‌بازاڕی كارەوە هه‌یه، به‌جۆرێك زانكۆكان بوونه‌ته شوێنێك بۆ پێگه‌یاندنی كادری ئه‌و پسپۆڕییانه‌ی كه بازاڕی كار پێویستێتی‌و خواستیان له‌سه‌ره.
له‌هه‌رێمی كوردستاندا وێڕای ئه‌وه‌ی ساڵانه هه‌زاران كه‌س له‌زانكۆكان ده‌رده‌چن، به‌ڵام تائێستا نه‌توانراوه به‌پێی خواستی بازاڕی كار كادری پسپۆڕ پێبگه‌یه‌نرێت. پسپۆڕێكی ئابوورییش پێیوایه ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی پلانی كورتخایه‌ن‌و مه‌ودا درێژەوە، زانكۆكان به‌پێی ویستی بازاڕی كار كادری پیسپۆڕ پێبگه‌یه‌نن.
پلانی زانكۆی سلێمانی چییه؟
د.نزار محه‌مه‌د یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانست‌و خوێندنی باڵا ئاماژه به‌وه ده‌كات، پێویسته له‌مه‌ودوا زانكۆكانی كوردستان دوو چه‌مك به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن ئه‌وانیش: كواڵێتی خوێندن‌و بازاڕی كار، بێگومان زانكۆكانیش دركیان به‌پێویستی له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دوو لایه‌نه كردووه.
روونیكرده‌وه، له‌پلانی زانكۆكانی كوردستاندایه كه له‌مه‌ودوا بازاڕی كار زۆر به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، به‌جۆرێك ئێستا زانكۆی سلێمانی هه‌ندێك به‌شی زانستی هه‌ڵپه‌ساردووه وه‌ك هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شی جیۆلۆجی‌و كردنه‌وه‌ی به‌شی زانسته بانكییه‌كان له‌كۆلێژی بازرگانی زانكۆكه».
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانست‌و خوێندنی باڵا وتیشی:»هه‌ركات له‌كوردستان كارگه‌یه‌ك دامه‌زراو پێویستی به‌كادری پسپۆڕ بوو، زانكۆكان ئه‌و به‌شه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌و جۆره پسپۆڕییه به‌رهه‌م ده‌هێنێت». ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ساڵانی رابردوودا له‌زانكۆكانی كوردستاندا خه‌ڵك به‌لێشاو وه‌رده‌گیرا، ئه‌و كات بێكاری هه‌بوو، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌كه‌مان ئه‌وه بوو كه سوپایه‌كی بێكاری تێگه‌یشتوو، زۆر باشتره له‌سوپایه‌كی بێكاری نه‌خوێنده‌وار.
وه‌رگرتنی به‌لێشاو
ساڵانه زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌زاران ده‌رچووی ئاماده‌ییه‌كان وه‌رده‌گرێت كه زۆركات به «وه‌رگرتنی به‌لێشاو» ناوده‌برێت. ئه‌و سیستمه‌ش بۆته جێگه‌ی ره‌خنه‌ی پسپۆڕان‌و هاوكات كاتێك زانكۆكان خوێندكاری كه‌متر وه‌رده‌گرن، نیگه‌رانی‌و ته‌نانه‌ت خۆپیشاندانی خوێندكاران له‌شارو شارۆچكه‌كان ده‌ستپێده‌كات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا د.نزار محه‌مه‌د جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه وه‌رگرتنی به‌لێشاوی ده‌رچووانی ئاماده‌یی له‌زانكۆكاندا مانای ئه‌وە نییه كه زانكۆكان‌و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا پلانی نییه، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه زانكۆكان لۆدێكی زۆریان له‌سه‌ره بۆ وه‌رگرتنی خوێندكاران. وتیشی:»كه‌ی گه‌لی كورد دركی به‌وه كرد كه مه‌رج نییه هه‌موو ده‌رچوویه‌كی ئاماده‌یی له‌زانكۆ وه‌ربگیرێت، هاوكات كه‌ی هه‌لی كاری زیاتر دروست بوو هه‌روه‌ها كه‌ی گه‌نجی كورد فێربوو كه به‌جدی كار بكات‌و خۆی ببێت به‌خاوه‌نكار، ئه‌وكات فشار‌و وه‌رگرتنی به‌لێشاو نامێنێت».
ته‌نیا كاریان پڕكردنه‌وه‌ی بازاڕ نییه
د.نه‌رمین مه‌عروف راگری كۆلێژی بازرگانی ئێواران له‌زانكۆی سلێمانی‌و پسپۆڕی بواری ئابووری روونیده‌كاته‌وه، ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌گشتی‌و زانكۆكان به‌تایبه‌تی مه‌رج نییه ته‌نیا كاریان پڕكردنه‌وه‌ی بازاڕی كاربێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ركیان رۆشنبیركردن‌و به‌ره‌وپێشبردنی زانسته.
د.نه‌رمین مه‌عروف ده‌ڵێت:»بێگومان ده‌رچووانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن ئاماده ده‌كرێن بۆ كاركردن له‌بازاڕی كاردا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مرۆ له‌كوردستاندا جۆرێك له‌دابڕان هه‌یه یاخود په‌یوه‌ندییه‌كی لاواز هه‌یه له‌ده‌رچووی ناوه‌نده‌كانی خوێندن، یان پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ئاست په‌یوه‌ندییه‌كانی بازاڕی كاردا نییه به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ش بوونی بێكارییه له‌نێوان توێژی ده‌رچووانی زانكۆ، چونكه ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌رده‌چن یاخود ژماره‌ی ده‌رچووانی زانكۆكان به‌ژماره زۆر زیاترن به‌راورد به‌و هه‌لی كاره‌ی كه له‌كوردستان هه‌یه».
فۆڕمی دامه‌زراندن‌و پشكی دامه‌زراندن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه فۆرمی داخوازی بۆ دامه‌زراندن پڕ ده‌كه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان بۆ دامه‌زراندن له‌داموده‌زگاكاندا ده‌رده‌چێت، نابه‌رامبه‌رییه‌كی گه‌وره هه‌یه، یان ژماره‌ی خوازیاران یاخود ئه‌وانه‌ی ناوی خۆیان تۆمار كردووه، زۆر زیاتره له‌و هه‌لی كاركردنه‌ی كه بۆیان ده‌ڕه‌خسێت له‌ناوه‌نده‌كانی كاركردندا، به‌تایبه‌ت له‌كه‌رتی گشتیدا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه داده‌مه‌زرێن‌و هه‌لی كاركردنیان بۆ ده‌ره‌خسێت پسپۆڕییه‌كانیان دیاریكراوه هاوشێوه‌ی پسپۆڕییه پزیشكییه‌كان، به‌ڵام هه‌ندێك پسپۆڕیی هه‌لی كاركردنیان بۆ ناڕه‌خسێت، چونكه بازاڕی كار پێویستی به‌و پسپۆڕییانه نییه، بۆیه دووچاری بێكاری ده‌بنه‌وه‌و دواجار حكومه‌ت خۆی ده‌بێت بیمه‌ی بێكارییان بۆ دابین بكات.
كۆمپانیا تایبه‌ته‌كان
هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیای بازرگانی له‌كوردستاندا هه‌یه‌و تادێت ژماره‌شیان له‌زیادبووندایه، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایانه نه‌یانتوانیوه بەپێی پێویست وه‌ك كه‌رتی تایبه‌ت به‌شداری له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاریدا بكه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه راگری كۆلێژی بازرگانی ئێواران له‌زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت:»كۆمیانیاكان دامه‌زاروه‌یه‌كن كه له‌بواری بزنسدا كار ده‌كه‌ن، كه‌واته كۆمپانیاكان هه‌لی كاركردن تیایاندا سنوورداره، به‌شێوه‌یه‌ك كۆمپانیاكان له‌وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌گه‌ر ژماریان زۆریش بێت، به‌ڵام هه‌مه‌جۆر نین، كه‌واته بواری كاركردنیان ده‌ستنیشان كراوه به‌چه‌ند بوارێكی كه‌م، وه‌ك بواری بیناسازی‌و بازرگانی، یاخود بواری به‌ڵێنده‌رایه‌تی».
روونیشیكرده‌وه، هه‌موو كۆمپانیاكان وه‌ك یه‌ك پێویستیان به‌ده‌ستی كار نییه، ئه‌گه‌ر پێویستیشیان پێی بێت، ئه‌وا پێویستیان به‌ده‌رچووانی زانكۆ نییه، «بۆ نمونه كۆمپانیاكی بواری بیناسازی پێویستی به‌كرێكاره بۆئه‌وه‌ی كاری بۆ بكات نه‌ك ده‌رچوویه‌كی زانكۆ، چونكه نه‌خوینده‌وارێكیش ئه‌و كاره‌ی بۆ ده‌كات، هاوكات بواره‌كانی به‌ڵینده‌رایه‌تی‌و بازرگان‌یش ژماره‌یه‌كی كه‌می ده‌ستی كاریان ده‌وێت ئه‌گه‌ر بشیانه‌وێت، زیاتر پسپۆڕییه‌كانی ژمێریاریان ده‌وێت».
چاره‌سه‌ری كێشه‌كان
ئه‌و پسپۆڕه ئابوورییه روونكردنه‌وه‌ی زیاتری له‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت له‌كوردستان‌و عیراق دا‌و وتی:»كه‌رتی تایبه‌ت له‌وڵاتی ئێمه زۆر گه‌وره‌و فراوان نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كارگه‌و كارخانه‌مان هه‌بێت‌و ده‌رفه‌تی كاركردن بڕه‌خسێنێ بۆ ده‌رچووانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن، بۆیه دیسانه‌وه ده‌رچووانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن ناچار ده‌بن داوا له‌حكومه‌ت بكه‌ن هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێنێ».
سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌و پێگه‌یاندنی كادری پسپۆڕ بۆ بازاڕی كار، د.نه‌رمین نه‌عروف روونیكرده‌وه، هه‌ندێك له‌چاره‌سه‌ره‌كان ده‌بێت به‌پلانی كورتخایه‌ن بێت‌و هه‌ندێكیشیان پێویستی به‌مه‌ودای درێژخایه‌ن هه‌یه، چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه ته‌نیا به‌بڕیارێك‌و له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا ناكرێت. به‌جۆرێك ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌پڕۆگرامه‌كانی خوێندنه‌وه، ده‌رچوویه‌كی زانكۆ به‌چوار ساڵ پسپۆڕی وه‌رده‌گرێت، كه‌واته هه‌رنه‌بێت چوار ساڵی ترمان پێویست دەبێت بۆ گۆڕینی پسپۆڕییه‌كان.
وتیشی:»زانكۆی سلێمانی ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌و هه‌وڵ ده‌دات بۆ ساڵی خوێندنی ئاینده هه‌ندێك له‌به‌شه زانستییه‌كان هه‌ڵپه‌سێرێت كه‌ده‌رچووه‌كانی هه‌لی كاركردنیان بۆ ناڕه‌خسێ، واته بۆ ساڵێك ئه‌م به‌شانه ده‌رچوویان نابێت، له‌به‌رامبه‌ردا به‌شی تری زانستی بكاته‌وه كه ئه‌مڕۆی بازاڕی كوردستان پێویستی پێیه‌تی». ئاشكراشیكرد، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه له‌پلانی ساڵی ئاینده‌دا هه‌یه كه به‌شی گه‌شتوگوزار بكرێته‌وه.
لای خوێندكاران چ باسه؟
ده‌شتی تاهیر كه خوێندكاری زانكۆی سلێمانییه سه‌باره‌ت به‌هه‌لی كاركردن بۆ ده‌رچووانی زانكۆ ده‌ڵێت:»هه‌ندێك خوێندكار خۆی تاقه‌تی نییه دابمه‌زرێت‌و كار بكات، هه‌روه‌ها هه‌ندێك كۆلێژیش هه‌یه كه پسپۆڕییه‌كه‌ی له‌بازاڕی كاری ئه‌مڕۆ كوردستاندا سوودی لێوه‌رناگیرێت‌و دامه‌زراندنیان كه‌مه، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێك كۆلێژیش دامه‌زرادنیان زۆره».
هاوكات خه‌نده عه‌بدوڵڵا كه ده‌رچووی زانكۆیه‌و به‌شی ئابووری ته‌واو كردووه پێیوایه، به‌هۆی زۆری ژماره‌ی دانیشتووانه‌وه، ژماره‌ی خوێندكارانیش ساڵانه روو له‌زیادبوونه وه‌ك ده‌بینین له‌كاتی وه‌رگرتنی خوێندكاران‌دا له‌زانكۆو په‌یمانگه‌كان، كاتێك كه به‌شێكی كه‌میان وه‌رده‌گیرێت، ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانی خوێندكاران به‌دوای خوێدا ده‌هێنێت.
ئه‌و دەر‌چووه وتی:»به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتی ئێمه‌ش وڵاتێكی به‌كاربه‌ره نه‌ك به‌رهه‌مهێن، بۆیه ناتوانرێت ئه‌وانه‌ی زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن هه‌موویان هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێت، بۆیه پێموایه گرفت ته‌نیا له‌زانكۆكانه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌سیستمی سیاسی وڵاته‌وه هه‌یه».
كوردستانی نوێ