“هه‌ر بازرگانێك كاڵاو شمه‌كی‌ كوالیتی‌ نزم هاورده‌ بكات، ده‌خرێته‌ لیستی‌ ره‌شه‌وه‌”

به‌هۆی‌ هاورده‌كردنی‌ به‌رده‌وامی‌ كاڵا و شمه‌كی‌ به‌رسه‌رچوه‌وه‌و له‌پێناو رێگرتن له‌ هاورده‌كردنی‌ كه‌لوپه‌لی خراپ ‌و كوالێتی نزم، كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌  هه‌ندێك له‌ بازرگانه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێن، ده‌سته‌ی‌ هاورده‌كاران و ناردنكارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، رایگه‌یاند، هه‌ر بازرگانێك كاڵای‌ كواڵیتی‌ نزم هاورده‌ بكات، ده‌خرێته‌ لیستی‌ ره‌شه‌وه‌.
مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی هاورده‌كاران و ناردنكارانی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ ئێن ئاڕتی‌ رایگه‌یاند: وه‌ك یه‌كێتی هاورده‌كاران و ناردنكارانی‌ كوردستان هه‌وڵیانداوه‌ ئه‌ندامه‌كانیان هانبده‌ین كاڵاو شمه‌كی‌ خراپ نه‌هێنن بۆ ناو بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنتڕۆڵ‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ڕێگه‌ بگیرێت له‌ هێنانی‌ كاڵاو شمه‌كی‌ كوالیتی‌ نزم.
وتیشی‌: هه‌ر بازرگان و ئه‌ندامێكی‌ ده‌سته‌كه‌ ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بێت و كاڵای‌ خراپ و كوالیتی‌ نزم هاورده‌ بكات، ده‌خرێته‌ لیستی‌ ڕه‌شه‌وه‌ و ڕێوشوێنی‌ یاسایی‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.   
مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان، باسی‌ له‌وه‌شكرد، تا ئێستا له‌ مه‌رزه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ وه‌كو پێویست نه‌توانراوه‌ كۆنتڕۆڵی‌ هێنانی‌ كاڵا و كه‌لوپه‌لی‌ خراپ بگرێت، كه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ لاوازی‌ ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنتڕۆڵه‌.