جارێكی تر بەهای دراوی تمەنی ئێرانی لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزینی زیاتری بە خۆیەوە بینی، ئەوەش دوای توندكردنەوەی سزاكانی ئەمریكا دێت لەسەر ئەو وڵاتە.
میدیاكانی تایبەت بە ئابووری و نرخی دراوەكانی جیهان ڕایانگەیاند، لە دوێنی پێنجشەممەوە، جارێكی تر بەهای نرخی تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە و یەك دۆلاری ئەمریكی یەكسان بوە بە 156 هەزارو 500 ڕیاڵی ئێرانی لە بۆرسەی جیهاندا.
ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردوە، بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو تەمەنی ئێرانی 10% بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی لەدەستداوە.
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی دوای ئەوە دێت، كە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و هەموو مامەڵەیەكی بازرگانیی ئاسن و ئەلەمنیۆم و مسی لەگەڵ ئێراندا قەدەغە كرد.