ئێران بەرەسمی داوای دیاریکردنی وادەیەک دەکات بۆ کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی سەیرانبەن.
عەمید سالار عەبدوڵا رێکخەری کاروباری دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغداد راگەیاند: باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد، بە نووسراوی رەسمی داوای لە وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، وادەیەک دیاری بکرێت بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی سەیرانبەن، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش نووسراوێکی ئاراستەی دەستەی دەروازە سنورییەکان کردووە کە وادەیەک بۆ کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە دیاری بکرێت.
وتیشی: رۆژی یەکشەممە لە رێگەی پارێزگاری سلێمانییەوە نووسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن بۆ ئەوەی ئەو وادەیە دیاری بکەن.
عەمید سالار عەبدوڵا راشیگەیاند: لە کاتی سەردانی وەفدی بەغداد بۆ ھەرێم و سەردانی دەروازە سنوورییەکان لە 10ی نیسانی رابردوو، بە تێکڕای دەنگ داواکارییەکیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکردەوە و رەزامەندی خۆیان پیشاندا بە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانیسەیرانبەن و کێلێ و تەوێڵە و پشت، ھاوکات داواشیان لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بڕیاری کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییانە بدەن.