‘هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەو بڕیارانەی کە لەلایەن عێراقەوە دەردرچێت سەبارەت بە سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران”

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق پابەند دەبێت بەو بڕیارانەی کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەردەچێت، سەبارەت بەو سزا ئابوورییەی وەکو فێسی سێیەم، ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی”.

ئەدهەم رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق پابەند دەبێت بەو بڕیارانەی کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەردەچێت، سەبارەت بەو سزا ئابوورییەی وەکو فێسی سێیەم، ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، ئەوا هەرکاتێک لە حکوومەتی عێراق هەر بڕیارێک دەربچێت ئەوا حکوومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەکە دەبێت، ئەو کاتەش ئێمە بەپێی ئەو بڕیارە مۆڵەت نادەین بە بازرگانەکان بۆ هاوردە و هەناردەکردنی ئەو ماددانەی کە قەدەغەکراون لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە”.
نەوزاد ئەدهەم لەبارەی ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی لەئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانییان پێوەدەکرێت لە نێوان هەرێم و ئێراندا وتی، “ئەو شتانەی کە هه‌نارده‌ دەکرێن شتی کەمن بۆ نموونە ‘پێستە یان هاڕاوەی پلاستیک، یان هەندێک جۆری کانزا هەیە کە دەچێتە ئێران بۆ نموونە پاتری ئۆتۆمبێل، بەڵام بە گشتی شتێکی وا نییە کە جێی تيڕامان بێت، بەڵکو زیاتر سەوزە و میوە و هەندێک جۆری کارەباییات هاوردە دەکرێت”.

 

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، سەبارەت بە سستبوون یان راگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێران وتی، “پەیوەندی بازرگانی ناوەستێت، ئەو بابەتانەی لە ئێرانەوە دێن پەیوەست نین بە ئابلۆقەی ئابووری و بە پێچەوانەوە ئێران لە هەندێک مەواد رێگا نادات کە هاوردەی هەرێم بکرێت لەبەر دۆخی ناوخۆ و هەندێک پیشەسازی هەیە کە مەوادی سەرەتایی رێگا پێدراو نییە هەناردەی وڵاتان بکرێت و هەر بۆیەش لەئێستادا بازرگانان زیاتر رووی بازرگانییان بۆ وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا، سووریا و ئوردن وەرگێڕاوە”.

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی جەختیشی لەوەکردەوە کە بڕیارەکەی ئەمریکا کاریگەی نابێت لەسەر سێکتەری ئابووری هەرێمی کوردستان بە هۆکاری ئەوەی کە ئەو کەلوپەل و کاڵایانەی کە مامەڵەی بازرگانییان لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پێوە دەکرێت لە چوارچێوەی لیستی ئابلۆقەکانی ئەمریکادا نییە بۆسەر ئێران و وتی:

“دڵنیاتان دەکەیەنەوە کە ئابووری هەرێمی کوردستان جێگیرە و بڕیارەکانی ئەمریکا هیچ کاریگەری نابێت لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان”.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی باسی لەوەشکرد کە تورکیا بە پلە یەک دێت بۆ زۆری قەبارەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وتی، “ئەو وڵاتەی کە زۆرترین قەبارەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، بێگومان بە پلەی یەکەم تورکیایە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگای تورکیاوە ساڵانە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلارە و لە رێگای ئێرانەوە شەش ملیار دۆلارە”..