له‌سلێمانی به‌ھۆی قەدەغەکردنی ھێنانی خورما لە دەرەوە نرخەکەی به‌رزبۆته‌وه‌

خورما خۆراکێکی سەرەکی مانگی رەمەزانە و لەم مانگەدا رۆژووەوانان گرنگی زۆر بەم خۆراکە دەدەن کە بەھای تەندروستی و خۆراکی گرنگی ھەیە و لە لای موسڵمانان سوننەتێکی گرنگی رەمەزانە کە رۆژووەکانیان بە چەند دەنکە خورمایەک بشکێنن.

بەو ھۆیەوە لە مانگی رەمەزاندا خواستێکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی لەسەر خورما ھەیە، لە ھەرێمی کوردستانیش ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا بڕێکی زۆر خورما لە لایەن بازرگانەکانەوە دەھێندرێتە بازاڕەکان و لەم مانگەدا ساغ دەکرێتەوە.

لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا لە ھەرێمی کوردستان خورما لە بازاڕەکان کەمبووەتەوە و نرخەکەشی زۆر زیاتر بووە، بازرگانان ھۆکارەکەکەی دەگێڕنەوە بۆ قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی خورما لە وڵاتانی دەرەوە.

نوێنەری ژووری بازرگانی سلێمانی لە عەلوەی سلێمانی، عەتا محەمەد لەو بارەیەوە وتی: “ئێمە لە مانگی شوباتی رابردووەوە داواکاریمان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە بۆ رێگادان بە ھێنانی خورما لە دەرەوە بۆ مانگی رەمەزان، بەڵام دووجار داواکارییەکەمان رەتکراوەتەوە بە پاساوی ئەوەی ھێنانی خورما لە لایەن بەغداوە قەدەغەکراوە”.

ئەو وتی:”لەئێستادا پێناسی گومرکی لە ھەموو عێراق یەکخراوە، حکوومەتی عێراقیش ئەمساڵ لەبەر بەرژەوەندی جووتیارانی خورما لە خوارووی عێراق ھێنان و ھاوردەکردنی خورمای لەدەرەوە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغە کردووە، ئەوەی ھەیە لەو ناوچانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی و قاچاخ خورما لە سعوودیە و ئێرانەوە دەھێنرێتە ناوەوە و لە ھەرێمی کوردستانیشەوە بە شێوەیەکی قاچاخ و بەبڕێکی کەم خورما لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێت”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی سلێمانی، ساڵانە پێویستیان بە سێ ھەزار تۆن خورما ھەیە بۆ شاری سلێمانی، ئەمساڵ بە ھۆی ئەوەی رێگە نەدراوە ھیچ بڕێک ھاوردە بکەن بەو ھۆیەوە نرخی خورما لە عەلوە و بازاڕدا زۆر زیادی کردووە، بە شێوەیەک نرخی یەک کارتۆن خورمای سەتڵی ئێرانی لەناو عەلوەدا گەیشتووەتە ٣٨ ھەزار دینار لە کاتێکدا ساڵی رابردوو نرخەکەی ١٣ ھەزار دینار بووە، ھەروەھا نرخی یەک کارتۆن خورمای نەزافەتی لە هەشت ھەزار دینارەوە گەیشتووەتە ٣٣ ھەزار دینار، زۆربەی ئەو خورمایەشی لە بازاڕدا ھەیە خورمای عێراقییە و بەھۆی خراپی کوالێتییەکەیەوە نرخەکەی کەمترە.

لە لای خۆیەوە دوکاندارێکی ناوبازاڕی شاری سلێمانی، گیڤارا قادر لەسەر ھەمان بابەت وتی: “بە ھۆی ئەوەی ھێنانی خورما لە ئێرانەوە راگیراوە، نرخی خورما لە بازاڕدا بۆ سێ ھێندە و زیاتریش زیادی کردووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ھاووڵاتییان کردووە کە بەشێکیان توانای کڕینیان نییە بەو نرخە”.

ئەو وتی: “ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا بە گشتی و ئەمساڵ بە تایبەتی خواست و داواکارییەکی زۆر لەسەر خورما ھەیە، بەڵام بە ھۆی ئەو بڕیارەوە بڕی خورماش لە بازاڕدا کەمبووەتەوە و زۆربەی ئەو خورمایەشی دێتە بازاڕەوە بە شێوەیەکی قاچاخ ھاوردە دەکرێت، عێراقیش کە پێشتر وڵاتێکی گرنگی جیھانی بوو بۆ بەرھەمھێنانی خورما، بەڵام بە ھۆی شەڕ و دۆخی وڵاتەکەوە زۆر لاواز بووە و بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ زیاتر پشت بە خورمای ئێرانی دەبەستێت”.