شاندێكی باڵای فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كردو بڕیاردرا ئۆفیسێكی هەماهەنگی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لە هەولێر بكرێتەوە.
ئەمڕۆ چوار شەممە 8/5/2019، شاندێكی باڵای بەشی هاوكاریی نێودەوڵەتیی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی ئابووریكرد، لەگەڵ رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری كۆبوونەوە.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا سیلڤی ستوغیل، بەرپرسی بەشی هەماهەنگی نێودەوڵەتی دارایی گشتی لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا باسی لە ئامانجی سەردانەكەی كرد، كە مەبەستیانە لە ئامادەكردنی بودجە، وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەكان و رێكخستنەوەی باج هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات.
پاشان رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم باسی لە گرنگی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان كرد، كە پێشتر لە قۆناغە جیاوازەكان هاوكاری كوردستانی كردووە و بەگرنگی زانی كە ئەو هەماهەنگیە بەردەوامی هەبێت.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشكرد، وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هاوكاری پسپۆڕانی ناوخۆیی و دەرەوە كار كراوە لەسەر دەروازەكان، گومرگ و باج و بە سیستەمكردنیان و بە ئەلكترۆنی كردنیان و كارئاسانی تەوامانكردوە بۆ زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كەرتی وەبەرهێنان و گەشتیاری، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت وەك سەرچاوەی داهات، هەروەها 15 بانكیش بە ئەلیكترۆنی كراون و كاركردن تیایاندا بەردەوامە، هەوڵی جدیش دراوە بۆ ئەوەی مامەڵەكردن بە كاش بگۆڕدرێت، چونكە مامەڵەكردن بە كاش پرۆسەی ئاڵوگۆڕ و كاری رۆژانەی حكومەت و هاوڵاتیان دوادەخات.
رێباز حەملان، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاریەكی بۆ شاندی میوان دەربڕی، شاندی میوانیش رایانگەیاند، بە زووترین كات ئۆفیسێكی هەماهەنگی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لە هەولێر دەكرێتەوەو دەست دەكرێت بە هاوكاریەكان بۆ ئامادەكاری پڕۆژە یاسایی بودجەو وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەكان و رێكخستنەوەی باج.