بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، دووەم كۆبوونەوەی تایبەت بە چاككردنەوەی رێگاوبانەكان بەرێوەچوو و تێیدا بڕیاردرا بودجەی خێراو پێویست بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكرێت و هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئەنجام بدرێت.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەریەك لەوەزیرانی ناوخۆ، دارایی، شارەوانی، ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لەگەڵ هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەشداربوون، بڕیار لەسەر كۆمەڵێك هەنگاو درا بۆ چاككردنەوەی هەموو رێگاوبانە زیان لێكەوتووەكان و رێكخستنەوەی باشتری هاتووچۆی بارهەڵگرەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بودجەی زیاتری خێرا و پێویست بۆ هەموو رێگاوبانەكانی كوردستان تەرخان بكرێت، بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی لافاو و باران بارینی ئەمساڵەوە زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
هەروەها بڕیاردرا لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی تری تایبەت بە شەقامی 100 مەتری سلێمانی سازبكرێت لەپێناو خێراكردنی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە. سەبارەت بە رێكخستنی هاتوچۆش بڕیاردرا وەزارەتی ناوخۆ لە رێگای لیژنەی تایبەتەوە چاودێریی زیاتری جوڵەی بارهەڵگرەكان بكات، بەتایبەت بارهەڵگرە بیانی و ترانزێتەكان، لەگەڵ دانانی كاتی گونجاو بۆ هاتوچۆكردنیان بەجۆرێك نەبنە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان.